‌دەشنی موراد: کورد بوێرترین نەتەوەی جیهانە و هیچ فشارێک ئیرادەمان ناشکێنێت

وێستگە ستایل-

دەشنی موراد: کورد بوێرترین نەتەوەی جیهانە و هیچ فشارێک ئیرادەمان ناشکێنێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


هونەرمەند و چالاکوان دەشنی موراد لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، هاوسۆزی و پشتگیری خۆی بۆ گەلی کورد دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە هیچ هێرش و فشارێک ناتوانێت ئیرادەی کورد بشکێنێت و ورەیان دابەزێنێت.

ئەم پەیامەی دەشنی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و هێرش بووەتەوە، ئەویش وەک دەنگێکی دیار لە ناو جەماوەردا بە ئاڵای کوردستانەوە دەرکەوت بۆ نیشاندانی خۆڕاگری و ناردنی پەیامێک بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت کورد بە لاواز نیشان بدەن.

دەشنی لە قسەکانیدا کە بە کوڵ و گریانیشەوە بوو وتی: "با گورگەکان بە دوو هێرشی بچکۆلە دڵیان خۆش نەبێت کە ئێمە دەگرین، ئێمە قەت تێکناچین و بەردەوام دەبین." ئاماژەی بەوەشکرد کە کورد نەتەوەیەکی خاوەن ویژدان و کەرامەتە و بۆ هیچ کەسێک سەر دانانەوێنێت، هەروەها بە زمانی ئینگلیزی جەختی لەوە کردەوە کە کورد بوێرترین و دڵپاکترین نەتەوەی جیهانە.

دەشنی موراد، کە یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکان و ساڵانێکە لە بواری مرۆیی و مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات، هەمیشە لە کاتە هەستیارەکاندا هەڵوێستی نەتەوەیی هەبووە و هەوڵیداوە لە ڕێگەی دەنگ و ناوبانگی خۆیەوە دەنگی مەزڵومیەتی گەلی کورد بە جیهان بگەیەنێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دەشنی بە ماچکردنی ئاڵای کوردستان و دوپاتکردنەوەی مانەوە لە نیشتمان، هیوا و ورەی بەخشییە هاوڵاتیان و ڕایگەیاند: "خەمی هیچتان نەبێت، چونکە ئێمە لێرەین و ناڕۆین."


سەرچاوە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 


PM:05:49:20/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل