‌بەختیار عەلی: ڕۆژئاڤا وەک ئەلتەرناتیڤێکی مرۆیی لە ناو جەرگەی فاشیزمدا سەرهەڵدەداتەوە

وێستگە ستایل-

بەختیار عەلی: ڕۆژئاڤا وەک ئەلتەرناتیڤێکی مرۆیی لە ناو جەرگەی فاشیزمدا سەرهەڵدەداتەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

بەختیار عەلی، نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد، لە شیکردنەوەیەکی قووڵ و چڕدا بۆ بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاڤا و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، چەندین ڕەهەندی شاراوەی ئەو ململانێیە دەخاتە ڕوو. ئەو پێیوایە ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت، تەنیا جەنگێکی سەربازی نییە، بەڵکو ململانێی مۆدێلێکی سیاسی و ئەخلاقییە دژ بە سیستمێکی فاشیستی کە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاردەکات. بە بڕوای ئەو، گوتاری "سیاسەت تەنیا قازانجە و ئەخلاق ناناسێت" تەنیا پاساوێکە بۆ فاشیزم، چونکە هەر سیاسەتێک ئەخلاقی تێدا نەبوو، لە جەوهەردا سیستمێکی فاشیستییە.

ئەم بیرمەندە ئاماژە بەوە دەدات کە پەلاماردانی ڕۆژئاڤا جارێکی تر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێتەوە کە کوردستان "کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە". ئەمە بەو مانایەیە کە تەنیا دەوڵەتە داگیرکەرەکان سوودمەند نین لە دۆخی کورد، بەڵکو ستراتیژی وڵاتانی خۆرئاواش لەسەر بنەمای پاراستنی ئەم شێوە کۆلۆنیالیزمە داڕێژراوە. بە بڕوای ئەو، زاراوەگەلی وەک "سوریای یەکگرتوو" یان "عێراقی یەکگرتوو" ئەو قودسییەتە سیاسییانەن کە خۆرئاوا وەک پاسەوانێکی شەرعی بەرهەمیان دەهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، و ڕێگە نادات هیچ ئیرادەیەکی سەربەخۆ ئەو نەخشەیە تێکبدات.

لە بەشێکی تری شیکردنەوەکەیدا، بەختیار عەلی تیشک دەخاتە سەر کەسایەتییەکانی وەک تۆم باراک و دەڵێت ئەوان نوێنەری ئەو عەقڵە کۆنزەرڤاتیڤە بێشەرمەی ئیمپریالیزمن کە لە سەردەمی ترامپدا زیندوو بووەتەوە. ئەم مۆدێلە لە کەپیتالیزم چیتر لەژێر دروشمی دیموکراسیدا کار ناکات، بەڵکو بەدوای دروستکردنی "حاکمی قەرەقۆز"دا دەگەڕێت لە ڕۆژهەڵاتدا تا بە ئاسانی وەک بووکەڵە یارییان پێ بکات. ئەو دەڵێت خۆرئاوا دەتوانێت نموونەی وەک "جۆلانی" بکاتە قەرەقۆز، بەڵام ناتوانێت مرۆڤە ئازادەکانی ڕۆژهەڵات کە لە مۆدێلی ڕۆژئاڤادا بەرجەستە بوون، بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئیسلامی سیاسی هیچ کات دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو تەنیا دژی نوێگەری و هێزە پێشکەوتوخوازەکانی ناوخۆ بووە.

نووسەر باس لەوە دەکات کە فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی (تورکی، عەرەبی و فارسی) بنەمایەکی مێژوویی قووڵی هەیە و لەسەر بنەمای پاکتاوکردن و ئەنفالکردنی "ئەویتر" کار دەکات. ئەو دەڵێت جینۆساید لەم ناوچەیەدا ڕووداوێکی کتوپڕ نییە کە بە هەڵە ڕووبدات، بەڵکو ئامانجی هەرە باڵای ئەم عەقڵییەتە فاشیستییە ناسیونالیزمە-دینییەیە. لە بەرامبەر ئەمەشدا، ڕۆژئاڤا وەک یەکەم هەوڵی جیدی دەبینێت بۆ شکاندنی ئەم فۆرمە فاشیستییەی سیاسەت. مۆدێلی ڕۆژئاڤا کە لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادی و ڕێزگرتن لە ژن دامەزراوە، وەک زەنگێکی مەترسی بۆ هەموو سیستمە فاشیستەکانی ناوچەکە دەنگ دەداتەوە، چونکە نیشانی دەدات کە مۆدێلێکی ئەنتی-فاشیستی دەتوانێت لەناو جەرگەی ململانێکاندا لەدایک بێت.

لە کۆتاییدا، بەختیار عەلی هۆشدارییەکی توند دەداتە کورد لە هەموو پارچەکان و دەڵێت هەڕەشە لەسەر بوونی کورد "وجودییە" و تێپەڕ نابێت، کەسیش نابێت وابزانێت لە دەرەوەی بازنەی مەترسییە. ئەو داوا دەکات کورد گوتاری "بێکەسی" و "نەبوونی پشتیوان" تێپەڕێنێت و ستراتیژییەکی بەرگری درێژخایەن دابڕێژێتەوە. ئەو دەڵێت هەڵوێستی مەزڵوم عەبدی و ئەو "نا"یە گەورەیەی بە ڕووی داگیرکەراندا دەیکات، نەک تەنیا بۆ ئەحمەد شەرع و تۆم باراکە، بەڵکو "نا"یەکی مێژووییە بۆ هەموو ئەو سیستمە جیهانییەی کە دەیەوێت ژێردەستەیی بکاتە دۆخێکی نۆرماڵ. ئەم جەنگە جەنگی مان و نەمانە و پێویستی بە ئیرادەیەکی پۆڵایین هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ماشێنە فاشیستییەی کە سەدەیەکە دەیەوێت کورد قڕ بکات.

ئەم تێبینییانە بەختیار عەلی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردوونەتەوە و وەک زەنگێکی مەترسی بۆ داهاتووی سیاسی کورد لێکی داوەتەوە.


PM:04:47:20/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل