BTS بە نیازە مێژوو بنووسێتەوە؛ گەشتە جیهانییەکەیان و پلانێکی خەیاڵی بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیار دۆلار
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گرووپی پۆپی کۆری بەناوبانگ و جیهانی (BTS) بە فەرمی ئامادەکارییەکانیان بۆ گەڕانەوەیەکی مێژوویی و بێوێنە بۆ سەر شانۆ جیهانییەکان دەستپێکردووە. ئەم گەڕانەوەیە تەنها بۆ پێشکەشکردنی هونەر نییە، بەڵکو ئامانج لێی شکاندنی هەموو ریکۆردە پێشووەکانە، بە جۆرێک گرووپەکە پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە تاوەکو لە ڕێگەی ئەلبوومە نوێیەکەیان و گەشتە هونەرییەکەیانەوە، بەربەستی یەک ملیار دۆلار لە داهات بشکێنن و ناوێکی نوێ لە مێژووی پیشەسازی مۆسیقادا تۆمار بکەن.
ئەم هەنگاوە گەورەیەی گرووپەکە دوای چاوەڕوانییەکی زۆری هەوادارانیان دێت، کە پاش ماوەیەک لە کارکردنی تاکەکەسی ئەندامەکان، دواجار بڕیاری یەکگرتنەوەیان دا. سەرەتای ئەم پلانە بۆ تەممووزی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە BTS خەریکی ئامادەکردنی ئەلبوومێکی نوێن و دەیانەوێت بە گەشتێکی جیهانی فراوان جارێکی دیکە لەگەڵ جەماوەرەکەیان کۆببنەوە، ئەمەش بووە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان و ناوەندە هونەرییەکان کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی چالاکییە نوێیەکانیان دەکەن.
بەپێی ئەو وردەکارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەم گەشتە موزیکییە بە یەکێک لە گەورەترین و فراوانترین گەشتەکان لە مێژووی مۆسیقادا دادەنرێت. بڕیارە گرووپەکە لە ٧٩ پێگەی جیاواز و سەکۆی گەورەی جیهانیدا کۆنسێرتەکان ساز بکەن. دەستپێکی ئەم گەشتە لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتووەوە لە وڵاتی کۆریای باشوورەوە دەبێت، پاشان وەک گەردەلوولێکی هونەری ڕوو لە وڵاتانی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن. گرووپەکە بەڵێنی داوە کە ئەمە گەورەترین بۆنەی هونەری بێت کە جیهان بەخۆیەوە بینیبێتی، چ لە ڕووی تەکنیک و چ لە ڕووی کوالێتی پێشکەشکردن و ئامادەکارییەوە.
گرووپی BTS کە ئێستا وەک سیمبولی مۆسیقای (K-Pop) لە جیهاندا دەناسرێن، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتن و شانازییە. ئەوان تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی ستۆدیۆیان بڵاوکردووەتەوە و زیاتر لە ١٢٠ گۆرانییان بەرهەمهێناوە. کاریگەری ئەم گرووپە تەنها لە چوارچێوەی مۆسیقادا نەماوەتەوە، بەڵکو بوونەتە دیارترین گرووپی کاریگەر لەسەر ئاستی گەنجانی جیهان و توانیویانە بەربەستە زمانەوانییەکان بشکێنن و لە هەموو کیشوەرەکان هەواداری ملیۆنی بۆ خۆیان پەیدا بکەن و داهاتێکی زۆر بۆ وڵاتەکەیان دابین بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم گەڕانەوەیە بێتە هۆی بوژانەوەیەکی گەورە لە بازاڕی مۆسیقای جیهانیدا، چونکە "ئارمییەکان" (هەوادارانی گرووپەکە) لە ئێستاوە لە ئامادەباشیدان بۆ کڕینی بلیتەکان و پشتگیریکردنی ئەلبوومە نوێیەکە. ئەگەر BTS بتوانێت ئەو ئامانجە داراییە بپێکێت کە یەک ملیار دۆلارە، دەبێتە یەکەم گرووپی مۆسیقی لە مێژوودا کە لە یەک گەشتدا ئەو بڕە پارە خەیاڵییە کۆبکاتەوە، ئەمەش پێگەی ئەوان وەک پاشاکانی پۆپی سەردەم لە لوتکەدا دەهێڵێتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ (Yonhap News) و ماڵپەڕی بیلبۆردی جیهانی.