‌سلێمانی دەبێتە مەڵبەندی ڕەخنەی ئەدەبی و دووەمین دیداری ڕەخنە بەڕێوەدەچێت

وێستگە ستایل-

سلێمانی دەبێتە مەڵبەندی ڕەخنەی ئەدەبی و دووەمین دیداری ڕەخنە بەڕێوەدەچێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا و وەک دەستپێکی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی ساڵی نوێ، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە دووەمین دیداری ڕەخنەی ئەدەبی لە شاری سلێمانی ساز بکات. ئەم دیدارە کە بە ناوی "خولی کامیل بەسیر"ەوەیە، کۆمەڵێک توێژەر و ڕەخنەگری ناسراوی کورد تێیدا بەشدار دەبن و تیشک دەخەنە سەر وردەکارییەکانی ڕەخنە و دەقی ئەدەبی.

سەرپەرشتیارانی ئەم دیدارە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەدەبیات تەنیا کۆمەڵێک دەق و وشەی ڕیزکراو نییە، بەڵکو گوزارشتە لە چیرۆک، مێژوو و وێنەی ڕاستەقینەی ڕۆحی نەتەوەیەک. هەر لەو سۆنگەیەوە و بە مەبەستی برەودان بە گفتوگۆ و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کایەی ڕۆشنبیری، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بڕیاری داوە ئەمساڵیش درێژە بەو نەریتە ئەدەبییە بدات و دیدارەکە بە شێوەیەکی فراوانتر ئەنجام بدات بۆ ئەوەی جوانییەکانی ئەدەبیات زیاتر دەربکەون.

ئەم خولەی دیدارەکە کە لەژێر ناونیشانی "هەوڵێک بۆ دەرخستنی جوانی" و بە سەرپەرشتیی نووسەر و ڕۆژنامەنووس (شاخەوان سدیق) بەڕێوەدەچێت، ١٠ توێژینەوەی زانستی و ئەدەبی گرنگ لەخۆ دەگرێت. کارنامەی دیدارەکە بەم شێوەیە دابەشکراوە: (شاخەوان سدیق) بە "لەبری پێشەکی" دەستپێدەکات، پاشان (شاپەڕ عەلی ئەمین زەرەنگەر) باس لە ژیانی دکتۆر کامیل بەسیر دەکات. هەر لە چوارچێوەی دیدارەکەدا (د. دڵشاد عەلی) تێڕوانینە ڕەخنەییەکانی کامیل بەسیر هەڵدەسەنگێنێت و (پ. ی. د. هەژار ڕەحیمی) باس لە زەروورەتی گۆڕینی پارادایم لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیاتی کوردیدا دەکات. هەروەها (د. سەنگەر حاجی) تیشک دەخاتە سەر بێپێوەری لە ڕەخنەی کوردیدا و (پ. ی. سافیە محەممەد ئەحمەد) بەراوردێک لە نێوان شێوازناسی و ڕەخنەی ئەدەبیدا پێشکەش دەکات. لایەنێکی تری دیدارەکە تایبەتە بە (پ. د. محەممەد تاتانی) لەسەر ڕەسەنگەرایی و لاساییکردنەوە، (د. هەژار فەقێ سلێمان) لەسەر ناهاوسەنگیی مێتۆد و پراکتیک، (هەندرێن) لەسەر ڕەخنەی ناوەکی لای کامیل بەسیر، (د. ئەڤین ئاسۆس) لەسەر ئەرکی ڕەخنە لە خوێندنەوەی نوێدا، و دواجار (عەبدولخالق یەعقووبی) باس لە ڕامانە تیۆرییەکان و وەبەرهێنان لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکات.

جێی ئاماژەیە، ساڵی ٢٠٢٣ یەکەمین دیداری ڕەخنەی ئەدەبی لە شاری سلێمانی و لەژێر ناوی "خولی شێخ نووری شێخ ساڵەح" بەڕێوەچوو. ئەو دیدارە کە بە بەشداریی چەندین پسپۆڕ و شارەزای بواری ئەدەب بوو، دەنگدانەوەیەکی باشی لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا هەبوو و بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی دامەزراوەکە بڕیاری بەردەوامی بدات و ئەمساڵ خولی دووەم بۆ ناو و یادی "د. کامیل بەسیر" تەرخان بکات وەک ڕێزێک بۆ مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی.

ئەم چالاکییە وەک هەوڵێکی جدی دەبینرێت بۆ زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی ڕەخنەیی لە ناوچەکەدا و کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکان لەژێر چەتری دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیریدا، تا بتوانرێت وێنەیەکی ڕوونتر لە دۆخی ئێستای ئەدەبیاتی کوردی و ئایندەی ڕەخنە نیشان بدرێت.


سەرچاوە : ڕاگەیەندراوی فەرمی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە


AM:11:14:15/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل