‌کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ساڵی ٢٠٢٦؛ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لوتکەی مەحاڵ و تۆمارکردنی ١٠٠٠ گۆڵ

وێستگە ستایل-

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ساڵی ٢٠٢٦؛ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لوتکەی مەحاڵ و تۆمارکردنی ١٠٠٠ گۆڵ


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەستێرەی پرتوگالی و ئەفسانەی زیندووی جیهانی تۆپی پێ، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەبەردەم نووسینەوەی مێژوویەکی نوێدایە کە ڕەنگە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو وەک ئەفسانە بمێنێتەوە. دۆنی تەمەن ٤٠ ساڵ، نەک تەنها بیری لە وازهێنان نەکردووەتەوە، بەڵکو ئێستا بە تەواوی وزەیەوە چاوی لە شکاندنی ئەو ژمارە پێوانەییانەیە کە پێشتر بە خەیاڵی هیچ یاریزانێکدا نەهاتووە، گەورەترین ئامانجیشی کە جیهانی وەرزشیی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، گەیشتنە بە ژمارەی ئەفسانەیی ١٠٠٠ گۆڵ لە کاروانی وەرزشییدا.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتە وەرزشییەکان کە تیشک دەخەنە سەر ئامارەکانی ئەم یاریزانە، ڕۆناڵدۆ لە ئێستادا خاوەنی ٩٥٧ گۆڵی فەرمییە لە سەرجەم یارییەکاندا لەگەڵ یانە جیاوازەکان و هەڵبژاردەی نیشتمانی پرتوگال. ئەم ئامارە سەرسوڕهێنەرە دەریدەخات کە تەنها ٤٣ گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ناوی خۆی وەک یەکەم یاریزان لە مێژووی فەرمی تۆپی پێدا تۆمار بکات کە دەگاتە لوتکەی ١٠٠٠ گۆڵ. ئەم کێبڕکێیە تەنها لەگەڵ ژمارەکان نییە، بەڵکو ململانێیەکی توندە لەگەڵ تەمەن، کە تێیدا ڕۆناڵدۆ دەیەوێت بسەلمێنێت هێشتا لە لوتکەی تواناکانیدایە.

تەنها گەیشتن بە هەزارەمین گۆڵ ئامانجی ئەم ئەفسانەیە نییە، بەڵکو چەندین ڕکابەری تری لەبەردەمدایە. یەکێک لەوانە پرسی لێدانە سزاکانە؛ ڕۆناڵدۆ ئێستا پێویستی بە ٢٠ لێدانی سزای سەرکەوتووی تر هەیە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا ٢٠٠ گۆڵ تەنها لە ڕێگەی لێدانی سزاوە تۆمار بکات. هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەگەڵ یانەی نەسری سعوودی، ڕۆناڵدۆ خاوەنی ١١٤ گۆڵە و تەنها ٣ گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ژمارە پێوانەییەکەی عەبدەڕەزاق حەمدەڵا تێپەڕێنێت و بە فەرمی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی یاریزانە بیانییەکان لە مێژووی یانە زەردپۆشەکەدا، ئەمەش دەستکەوتێکی تری گرنگ دەبێت لە خولی ڕەوشەن.

ڕۆناڵدۆ کە بە "مەکینەی گۆڵ تۆمارکردن" و پیاوی ڕیکۆردە قورسەکان ناسراوە، گەورەترین تاقیکردنەوەی لە مۆندیالی ٢٠٢٦دایە. بەشداری کردنی لەو پاڵەوانێتییەدا بە تەنها مێژووە، بەڵام ئەگەر بتوانێت تەنها یەک گۆڵ لەو مۆندیالەدا تۆمار بکات، ئەوا دەبێتە تەنها یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا کە لە شەش خولی جیاوازی جامی جیهانیدا (٢٠٠٦، ٢٠١٠، ٢٠١٤، ٢٠١٨، ٢٠٢٢، ٢٠٢٦) گۆڵی تۆمارکردبێت. ئەمە دەستکەوتێکە کە ناوی ئەو بۆ هەتا هەتایە لە کتێبی مێژووی فیفادا دەهێڵێتەوە و وەک یاریزانێک دەردەکەوێت کە بۆ ماوەی دوو دەیە لەسەر یەک لە بەرزترین ئاستدا ماوەتەوە.

لە کۆتاییدا، ساڵی ٢٠٢٦ بۆ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تەنها ساڵێکی ئاسایی نابێت، بەڵکو ساڵی یەکلاکردنەوەی گەورەترین ململانێی وەرزشییە. ئایا دۆن دەتوانێت پێش وازهێنانی ئەو ٤٣ گۆڵە تۆمار بکات و جیهان سەرسام بکات بە گەیشتن بە ژمارە ١٠٠٠؟ هەموو ئاماژەکان و ئامادەکارییە جەستەییەکانی ئەو یاریزانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو هێشتا تینووی گۆڵە و نایەوێت بەبێ شکاندنی هەموو بەربەستەکان مەیدانەکە جێبهێڵێت.


سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی (AS)


PM:11:42:14/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل