‌ئاگر لە خەودا؛ لەنێوان مژدەی دەوڵەمەندبوون و هۆشداریدان لە جەنگ و فیتنە

وێستگە ستایل-

ئاگر لە خەودا؛ لەنێوان مژدەی دەوڵەمەندبوون و هۆشداریدان لە جەنگ و فیتنە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بینینی ئاگر لە خەودا یەکێکە لەو نیشانە ئاڵۆزانەی کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی زۆر لەخۆدەگرێت و وەک پەیامێکی ئاگادارکردنەوە یان مژدەبەخش سەیر دەکرێت. ئەم خەونە بەپێی کات، شوێن، و شێوەی دەرکەوتنی ئاگرەکە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت؛ زۆرجار وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری گەورە لە بیرکردنەوە و ژیانی مرۆڤ، یان وەک هۆشدارییەک لە ڕوودانی ئاژاوە، نەخۆشی، و گوناهـ لێکدەدرێتەوە کە پێویستە خەونبین لێی وردبێتەوە.

پسپۆڕانی لێکدانەوەی خەون ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتی بینینی ئاگر کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ماناکەی هەیە؛ ئەگەر کەسێک لە خەویدا ببینێت لە ڕۆژدا ئاگر کراوەتەوە، ئەوا نیشانەی هەڵگیرسانی جەنگ و فیتنەیە لەو ناوچەیەدا. 


ئەگەر ئاگرێکی بە دووکەڵ لە ئاسمانەوە بۆ سەر ماڵێک بێتە خوارەوە، ئەوا ئەندامانی ئەو ماڵە تووشی ناخۆشی دەبن، بەڵام ئەگەر هەمان ئاگر بێ دووکەڵ بێت، نیشانەی تووشبوونی کەسێکی ئەو ماڵەیە بە نەخۆشی. لە بەرامبەردا، کردنەوەی ئاگر لە شەوێکی تاریکدا بۆ ئەوەی خەڵکی ڕێگەی خۆیان ببینن، هێمای ئەوەیە کە ئەو کەسە بە زانست و زانیارییەکانی خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام ئەگەر لە ڕووناکیدا ئاگر بکاتەوە، ئەوا بە مانای هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی دێت.


وردەکارییەکانی ناو خەونەکە گۆڕانکاری بەسەر ماناکاندا دەهێنن؛ بۆ نموونە، خواردنی ئاگر لە خەودا بە یەکێک لە نیشانە خراپەکان دادەنرێت کە ئاماژەیە بۆ خواردنی ماڵی هەتیوان و بەدەستهێنانی پارەی حەرام. ئەگەر کەسێک ببینێت ئاگر لە جەستەی دێتە دەرەوە و هاوسەرگیری نەکردبێت، ئەوا مژدەی ئەوەیە کە بەمزووانە هاوسەرگیری دەکات، یان ئەگەر هاوسەردار بێت و منداڵی نەبێت، خودای گەورە منداڵی پێ دەبەخشێت. هەروەها سوتانی دانەوێڵە و گەنم و جۆ بە ئاگر، ئاماژەیە بۆ گرانبوونی نرخی ئەو کاڵایانە لە بازاڕدا. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر کەسێک لە ناو ئاگرێکی گەورەدا بێت و هەست بە هیچ ئازار و گەرمییەک نەکات، ئەوە نیشانەی سەرکەوتنییەتی بەسەر دوژمنەکانیدا، بەڵام بینینی ئاگر لە ناو دڵدا، نیشانەی ئازاری عیشق و دوورکەوتنەوەی خۆشەویستە.


لە ڕووی مێژوویی و کەلتوورییەوە، ئاگر هێمای دەسەڵات، زیندان، و تاقیکردنەوەی مرۆڤە. لە وەرزی زستاندا، خۆگەرمکردنەوە بە ئاگر بە "میوەی زستان" و نیشانەی دەوڵەمەندبوون دادەنرێت. یەکێک لە لێکدانەوە سەیرەکان ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک ئاگر بفرۆشێت و بەهەشت بکڕێت، ئەوا حەمامێک دەفرۆشێت و ڕەز و باخێک دەکڕێت، و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. هەروەها بینینی مەشخەڵێکی بێ دووکەڵ لەبەردەم دەرگای ماڵ، مژدەی چوونی خەونبینە بۆ حەج. ئەگەر ئاگرەکە لە ناو گۆزە یان تەنوردا قسەی کرد، ئەوا وەک ئاماژەیەک بۆ دەستوەشاندنی جنۆکە یان تووشبوون بە نەخۆشی "فێ" لێکدەدرێتەوە، کە پێویستی بە پاراستنی دەروونی هەیە.


لە کۆتاییدا، کوژاندنەوەی ئاگر لە خەودا بە نیشانەی کۆتاییهاتنی شەڕ و فیتنە و گەڕانەوەی ئارامی دادەنرێت، مەگەر ئەوەی کەسێک ببینێت ئاگری باخچەکەی دەکوژێنێتەوە کە ئەوە نیشانەی نزیکبوونەوەی کۆچی دوایی خۆیەتی. 

ئاگر دەکرێت مژدەی خۆشی بێت ئەگەر تیشکەکەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕووناک کردبێتەوە، کە هێمای بڵاوبوونەوەی زانستێکی بەسوودە. هەر بۆیە پێویستە مرۆڤ لە کاتی بینینی ئەم جۆرە خەونانەدا، سەیری هەست و بارودۆخی دەوروبەری ئاگرەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پەیامەکە ئاگادارکردنەوەیە لە گوناهـ یان مژدەیەکە بۆ سەرکەوتن و ڕ رزگاربوون لە بەڵا گەورەکان.


سەرچاوە : کتێبی لێکدانەوەی خەونەکانی ئیبن سیرین 



PM:06:20:22/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل