هەولێر دەبێتە چەقی بڕیار بۆ پاراستنی ناسنامە و ناوە جوگرافییەکانی عێراق
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە هەنگاوێکی گرنگی نیشتمانی و کولتووریدا، شاری هەولێر میوانداری کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان کرد. ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە کارە ستراتیژییەکان دادەنرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێگە و شوێنە مێژوویی و نیشتمانییەکان بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ.
کۆبوونەوەکە لە ڕێکەوتی ١٢ی نیسان و بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەچوو. تێیدا سەعید الجیاشی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی فەرهەنگی عێراقی، لەگەڵ شاندێکی یاوەری ئامادە بوون بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە کردەییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر مێژووی دێرینی شارەکە و دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانی ئامادەکردنی فەرهەنگەکە لە سنووری هەولێر دەستپێبکات. ئەم پڕۆژەیە ئامانجی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری وردە لەسەر شوێنە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکان.
بۆ ئەوەی کارەکان بە شێوەیەکی ستاندارد و جیهانی بەڕێوە بچن، پارێزگاری هەولێر بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکبهێنرێت. ئەرکی ئەم لیژنەیە دانانی نەخشە و دەستنیشانکردنی شوێنە کولتوورییەکان دەبێت لە سەنتەری شارەوە تاوەکو دوورترین گوند و شارۆچکەکانی سنوورەکە، تا هیچ ناو و شوێنێک فەرامۆش نەکرێت.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لیژنەکە لە ماوەی تەنیا ١٠ ڕۆژدا کارەکانی تەواو بکات. هەروەها هەموو قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ڕاسپارد کە هاوکار و هەماهەنگی تەواوی لیژنەکە بن بۆ ئەوەی داتا و زانیارییەکان بە شێوەیەکی ورد و زانستی بەدەست بهێنرێن.
ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کە بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، هەنگاوێکی جیدییە بۆ پاراستنی ناسنامەی ناوچەکان و یەکخستنی ناوەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە ڕێگری دەکات لە شێواندنی مێژوو و جوگرافیای ناوچەکە.
سەرچاوە: ڕاگەیەنراوی فەرمی پارێزگاری هەولێر
PM:11:22:12/04/2026