‌بەهۆی ژیریی دەستکردەوە؛ نیویۆرک تایمز یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی لە کارەکەی دوورخستەوە

وێستگە ستایل-

بەهۆی ژیریی دەستکردەوە؛ نیویۆرک تایمز یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی لە کارەکەی دوورخستەوە

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، کە یەکێکە لە پڕبایەخترین دەزگا میدیاییەکانی جیهان، بڕیاری دا کۆتایی بە گرێبەستی یەکێک لە نووسەر و ڕەخنەگرە دیار و سەربەخۆکانی بهێنێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەلمێنرا ئەو نووسەرە لە ئامادەکردنی بابەتەکانیدا پەنای بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) بردووە، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی گەورەی پرەنسیپە پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانی و تێکدانی بنەماکانی ڕەسەنایەتی لە نووسیندا لە قەڵەم درا.

ئالێکس پریستۆن، کە نووسەر و ڕەخنەگرێکی ناسراوە و بۆ ماوەیەکی درێژ وەک قەڵەمێکی بەتوانا لە بەشی پێداچوونەوەی کتێب لە نیویۆرک تایمز کاری کردووە، ڕووبەڕووی ئەم سزایە بووەوە. پریستۆن تۆمەتبار کراوە بەوەی کە بۆ نووسینەوەی پێداچوونەوەی یەکێک لە کتێبەکان، لە جیاتی بەکارهێنانی توانست و دیدگای تایبەتی خۆی، سوودی لە ژیریی دەستکرد وەرگرتووە. هەر زوو دوای ئاشکرابوونی ئەم ڕاستییە، دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە بڕیاریان دا تەواوی ئەرکەکانی لێ بسەننەوە و بە یەکجاری لە کارەکەی دووری بخەنەوە.

چیرۆکی ئاشکرابوونی ئەم کارە لەلایەن خوێنەرێکی وردبینی ڕۆژنامەکەوە بوو، کە هەستی بە لەیەکچوونێکی زۆر و گوماناوی کردبوو لە نێوان پێداچوونەوەیەکی پریستۆن لە نیویۆرک تایمز و وتارێکی تری لە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی. دوای بەراوردکردنی هەردوو دەقەکە، دەرکەوت کە ڕستەبەندی و شێوازی داڕشتنەکان بە جۆرێکن کە تەنها لە بەرهەمەکانی ژیریی دەستکرددا بەدی دەکرێن، ئەمەش وای کرد ڕۆژنامەکە لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێ بکات و ڕاستییەکان بخاتە ڕوو.

ئالێکس پریستۆن لە ئێستادا لە دۆخێکی دەروونی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و هەستی شەرمەزاری خۆی بەرامبەر بەو ڕەفتارە دەربڕیوە. ئەو لە لێدوانێکدا دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە: "هەڵەیەکی گەورەم کردووە"، ئەمەش نیشانەی کشانەوەی متمانەیە لەو نووسەرەی کە ساڵانێک بوو وەک یەکێک لە ڕەخنەگرە بەتواناکان متمانەی خوێنەرانی بەدەستهێنابوو، بەڵام تەنها یەک هەڵەی تەکنیکی و دوورکەوتنەوە لە ماندووبوونی فیکری، کۆتایی بە کاروانە پیشەییەکەی لەو دەزگایە هێنا.

ئەم ڕووداوە لە ناوەندە میدیاییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبووە و جارێکی دیکە پرسی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی لە کاری ڕۆژنامەوانیدا هێناوەتە بەرباس. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئەمە وانەیەکی توندە بۆ هەموو ئەو نووسەرانەی دەیانەوێت ڕێگەی کورت ببڕن، چونکە پاراستنی ناسنامەی قەڵەم و ڕەسەنایەتی بابەتەکان لای دەزگا گەورەکان هێڵی سوورە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت.

نیویۆرک تایمز


PM:11:11:04/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل