ئەنجێلینا جۆلی؛ لە ئەستێرەیەکی هۆڵیوودەوە بۆ باڵوێزی مرۆڤایەتی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئەنجێلینا جۆلی، نەک تەنها وەک ئەکتەرێکی ناوداری جیهانی، بەڵکو وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی بواری مرۆیی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەناسرێت. ئەو توانیویەتی ناوبانگ و سامانی خۆی بۆ خزمەتکردنی لێقەوماوان و پەنابەران لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاربهێنێت و دەنگی بێدەنگەکان بگەیەنێتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان.
جۆلی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە وەک باڵوێزی نیازپاکی و نێردەی تایبەتی کۆمیسیۆنی بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) کاری کردووە. ئەو زیاتر لە ٦٠ گەشتی مەیدانی بۆ ناوچە جەنگاوییەکان و کەمپەکانی پەنابەران ئەنجامداوە، لەوانە سەردانی چەندین جارەی بۆ کەمپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هاوسۆزی لەگەڵ ئاوارەکانی دەستی شەڕ و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ژیانیان.
ئەم ئەکتەرە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکارە و لە فیلمە هەرە سەرکەوتووەکانی وەک "Lara Croft" و "Maleficent"دا ڕۆڵی گێڕاوە. سەرەڕای سەرکەوتنە هونەرییەکان، جۆلی زیاتر بە کارە خێرخوازییەکانی دەناسرێتەوە، ئەو دایکایەتی بۆ شەش منداڵ دەکات کە سێیان لە وڵاتە هەژارەکانەوە هەڵگرتووەتەوە، ئەمەش پەیامێکی مرۆیی قووڵ بوو کە سنوورە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانی بەزاند.
ئەنجێلینا لە ساڵی ١٩٧٥ لە لۆس ئەنجلس لەدایکبووە، کچە ئەکتەری ناودار "جۆن ڤۆیت"ە. ژیانی سەرەتای پڕ بووە لە کێشەی خێزانی و دەروونی، بەڵام دوای ئەوەی لە کاتی وێنەگرتنی فیلمێک لە کەمبۆدیا ڕاستی هەژاری و نەهامەتییەکانی جیهانی بینی، ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و بڕیاریدا ببێتە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ.
ئێستا جۆلی بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان و پاراستنی ژینگە. ئەو وەک یەکێک لەو ژنانە دەمێنێتەوە کە سەکۆی ناوبانگیان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بەکارهێنا و سەلماندی کە هونەرمەند دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە گۆڕینی ئازارەکانی جیهاندا بگێڕێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز و ماڵپەڕی فەرمی UNHCR
PM:11:47:27/01/2026