‌پارێزگاری سلێمانی لە بەردەم ماڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە هاواری مەزڵومییەتی گەلی کورد بە جیهان دەگەیەنێت

وێستگە ستایل-

پارێزگاری سلێمانی لە بەردەم ماڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە هاواری مەزڵومییەتی گەلی کورد بە جیهان دەگەیەنێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەمڕۆ لە ناوجەرگەی شاری لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتوو، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەشدارییەکی کارای کرد لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی مەدەنیانەی ڕەوەندی کوردی، کە تێیدا هەزاران کورد لە سەرجەم شار و ناوچە جیاوازەکانی بەریتانیاوە لە بەردەم ماڵی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببوونەوە. ئەم هەنگاوەی پارێزگاری سلێمانی وەک پشتیوانییەکی مەعنەوی و سیاسیی گەورە بۆ خەباتی مەدەنی کوردانی تاراوگە لە پێناو پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەژمار دەکرێت.

ئامانجی سەرەکیی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییە گەیاندنی دەنگی کپکراوی گەلی کورد و مەینەتییەکانی خۆرئاوای کوردستان بوو بە حکومەتی شانشینی یەکگرتوو و هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. خۆپیشاندەران و پارێزگاری سلێمانی پێکەوە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو بێدەنگییە کوشندەیەی کە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان بەرامبەر بە دۆخی کورد گرتوویانەتە بەر، لە کاتێکدا مەترسییەکانی سەر خاکی کوردستان و هەڕەشەی پاکتاوکردنی مرۆیی و نەتەوەیی لە ئارادایە.

لە کاتی بەشداریکردنی لە ناو خۆپیشاندەراندا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر جەختی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و مەترسیداردایە، بەتایبەت ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە سووریای نوێدا دەگوزەرێن کە ڕەنگە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ناسنامە و جوگرافیای خەڵکی کوردستان. پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە جیهان بزانێت کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و ئاشتیخواز داوای مافە سەرەتاییەکانی دەکات و چیتر قبوڵ ناکرێت بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە، گەلی کورد بکرێتە قوربانیی سەرکێشییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە.

ئەم ناڕەزایەتییانەی ڕەوەندی کوردی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت و مەترسییەکانی پاکتاوی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە. کوردان لە بەریتانیا دەیانەوێت فشار بخەنە سەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان تاوەکو زامنی پاراستنی مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت سیمای دیمۆگرافی و جوگرافیی ناوچە کوردییەکان تێک بدات.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم جۆرە جوڵە مەدەنیانە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دەنگی کورد دەگاتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارێکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی کورد و خاکی کوردستان دەدرێت. پارێزگاری سلێمانیش دووپاتی کردەوە کە هەمیشە لەگەڵ خەم و ئازارەکانی نەتەوەکەیدایە و ئەرکی هەموو لایەکە لەم قۆناغەدا یەکدەنگ بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانەی کە ڕووبەڕووی خەڵک و خاکی کوردستان بوونەتەوە.


نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری سلێمانی


PM:07:30:20/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل