‌مردنی مامۆستا عینایەت؛ ئەو پیاوەی بە مردوویی چا دەخوات و بە دوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت

وێستگە ستایل-

مردنی مامۆستا عینایەت؛ ئەو پیاوەی بە مردوویی چا دەخوات و بە دوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

پانتایی ئەدەبی کوردی بە کارێکی نوێی نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراو بەختیار عەلی دەوڵەمەندتر دەبێت، کە تێیدا خوێنەر دەخاتە نێو دۆخێکی سەمەرە و خەیاڵئامێزەوە. ڕۆمانی "مردنی مامۆستا عینایەت" باس لە چیرۆکی پیاوێک دەکات کە لە نێوان سنوورە تەڵخەکانی ژیان و مردندا گیری خواردووە، کارەکە بە شێوازێکی وا داڕێژراوە کە خوێنەر لە هەمان کاتدا هەست بە ترس و سەر سوڕمان دەکات، کاتێک دەبینێت مرۆڤێک چۆن ڕووبەڕووی حەقیقەتێکی تاڵ و غەریب دەبێتەوە.

چیرۆکی ئەم ڕۆمانە لە بەیانییەکی زۆر ئاساییەوە دەستپێدەکات، کاتێک عینایەت یوسفی پاڵەوانی سەرەکی، دوای ئەوەی لە خەو هەڵدەستێت و وەک هەموو ڕۆژانی دی دەموچاوی دەشوات، بە ئارامییەکی بێوێنەوە ڕوو لە نەهاوەند خانی هاوسەری دەکات و هەواڵێکی شۆککەر ڕادەگەیەنێت. ئەو بە زمانێکی هێور پێی دەڵێت کە شەو لە کاتی خەوتندا گیانی سپاردووە و ئێستا تەنها "مردوویەکی زیندووە". عینایەت باس لەوە دەکات کە تەنها پێنج ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە تا کەسێکی تر بدۆزێتەوە لەبری ئەو بمرێت، بەو مەرجەی کەسەکە هەم شایەنی مردن بێت و هەم خۆشی بەو کارە ڕەزامەند بێت، کە ئەمەش گرێچنی سەرەکی و فەلسەفی ڕۆمانەکەیە.

وردەکارییەکانی ئەم گێڕانەوەیە کاتێک ئاڵۆزتر دەبن کە نەهاوەند خان سەرەتا وا دەزانێت هاوسەرەکەی گالـتەی لەگەڵ دەکات، چونکە عینایەت مرۆڤێکی قۆشمە و دەم بە پێکەنین نەبووە. بەڵام کاتێک عینایەت پێداگری دەکات و داوای لێدەکات بێت و دڵنیابێتەوە، نەهاوەند تووشی سەرسوڕمانێکی گەورە دەبێت؛ کاتێک سەری دەخاتە سەر سینەی هاوسەرەکەی، هیچ لێدانێکی دڵ نابیسێت و کاتێک ئاوێنە دەخاتە بەردەم کەپووی، دەبینێت هیچ نیشانەیەکی هەناسەدان بوونی نییە. عینایەت لەو ساتەدا بە بێدەنگی چای دەخوات و سەیری ئینجانەکانی ماڵەکەی دەکات، لە کاتێکدا جەستەی بە تەواوی لە کار کەوتووە و هیچ نیشانەیەکی بایۆلۆژی ژیانی تێدا نەماوە، ئەم دیمەنە گوزارشت لەو نامۆبوونی مرۆڤە دەکات کە بەختیار عەلی هەمیشە لە کارەکانیدا وێنای دەکات.

بەختیار عەلی، کە یەکێکە لە دیارترین دەنگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی و خاوەنی چەندین شاکاری وەک "شاری مۆسیقارە سپییەکان" و "دواهەمین هەناری دونیا"یە، لەم ڕۆمانەدا جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر شێوازە تایبەتەکەی خۆی لە ئاوێتەکردنی واقیع و خەیاڵ یان ئەوەی پێی دەوترێت (ڕیالیزمی سیحری). نووسەر لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکانی مرۆڤ سەبارەت بە چارەنووس، بەهاکانی ژیان، و بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە مردن دەورووژێنێت و خوێنەر ناچار دەکات بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر مرۆڤ لە دۆخێکی وادا بێت، کێ هەڵدەبژێرێت تا لەبری ئەو گیان بسپێرێت؟

"مردنی مامۆستا عینایەت" تەنها گێڕانەوەی چیرۆکی پیاوێکی مردوو نییە کە بە دوای جێگرەوەدا دەگەڕێت، بەڵکو گەشتێکی قووڵی فیکرییە بۆ ناو دەروونی مرۆڤ و ئەو کێشمەکێشانەی کە لە کاتی تەنگانەدا بەرۆکی مرۆڤ دەگرن. ئەم بەرهەمە نوێیە ڕەنگدانەوەی کۆی ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلییە و وەک هەموو کارەکانی تری، پڕە لە وێنەی شیعری و مانا گەورەکان کە خوێنەر لە دوای تەواوکردنی کتێبەکەش هەر لای دەمێنێتەوە.

سەرچاوە: ڕۆمانی (مردنی مامۆستا عینایەت) لە نووسینی بەختیار عەلی، بڵاوکراوەی ناوەندی ڕەهەند.


PM:06:09:17/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل