دەنگی نەمری چیاکان؛ حەسەن زیرەک ئەو ئەفسانەیەی مێژووی موزیکی کوردی گۆڕی
وێستگە ستایل-
دەنگی نەمری چیاکان؛ حەسەن زیرەک ئەو ئەفسانەیەی مێژووی موزیکی کوردی گۆڕی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
حەسەن زیرەک، ئەو دەنگە سیحراوییەی کە بە "پاشای گۆرانی کوردی" و "ناسنامەی نەتەوەیەک" دەناسرێت، وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین هونەرمەندەکانی سەدەی بیستەم لە مێژووی کورددا ماوەتەوە، کە توانی بە دەنگە ڕەسەنەکەی سنوورە دەستکردەکان ببڕێت و ببێتە خاڵی کۆکەرەوەی تەواوی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەم هونەرمەندە مەزنە لە ساڵی ١٩٢١ لە گوندی "هەرمێلە"ی سەر بە شاری بۆکان لەدایکبووە، ژیانێکی پڕ لە ئازار و کۆچ و دەربەدەری هەبووە، بەڵام هیچکام لەو سەختییانە نەیانتوانی ڕێگری لەو لێشاوە هونەرییە بگرن کە لە ناخیدا هەڵقوڵابوو، زیرەک بەبێ ئەوەی خوێندەواری هەبێت یان نۆتەی موزیک بزانێت، خاوەنی سەدان گۆرانییە کە تا ئێستاش وەک شاکار دەبینرێن.
حەسەن زیرەک لە ماوەی ژیانیدا لە ڕادیۆکانی کرماشان، تەبرێز، تاران و بەغدا کاریکردووە و بەرهەمە کەم وێنەکانی تۆمار کردووە، ئەو تایبەتمەندییەکی دەگمەنی هەبووە کە دەیتوانی لە کاتی گۆرانی گوتندا شیعر دابنێت و ئاوازیشی بۆ دابنێ، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەی بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ژیانی سادەی خەڵک و سروشتی جوانی کوردستان بن، گۆرانییەکانی وەک "نەورۆز"، "کەتانە" و "ئەمان دۆکتۆر" تەنیا گۆرانی نین، بەڵکو بەشێکن لە یادەوەریی نەتەوەیی کورد.
ئەو لە ماوەی کارکردنیدا لە ڕادیۆی بەغدا و کرماشان، لەگەڵ گەورەترین موزیکژەنەکانی سەردەمی خۆی کاری کردووە، زیرەک تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکو ئەو پارێزەری فۆلکلۆری کوردی بوو، چونکە توانی زۆرێک لەو مەقام و ئاوازانەی کە بەرەو لەناوچوون دەچوون، بە دەنگە زوڵاڵەکەی زیندوو بکاتەوە و بییانگەیەنێتە نەوەکانی دوای خۆی، ژیانی ئەو لە نێوان شارەکانی عێراق و ئێراندا دابەش ببوو، هەمیشە لەژێر چاودێری و گوشاری دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەدا بووە.
کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ هونەری کوردی، بەڵام زیرەک بە مردنی کۆتایی نەهات، بەڵکو ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەندین دەەیە، هێشتا گۆرانییەکانی لە ماڵ، ئۆتۆمبێل و هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی کوردیدا دەبیسترێن و قوتابخانەیەکی گەورەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت فێری ڕەسەنایەتی گۆرانی کوردی بێت.
سەرچاوە: ئەرشیفی ڕادیۆ کوردییەکانی بەغدا و تاران
AM:03:02:12/01/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه