‌شکۆمەندییەک بۆ فەلسەفەی کوردی؛ خەڵاتی زێڕینی سەردەم بەخشرایە د. محەممەد کەمال

وێستگە ستایل-

شکۆمەندییەک بۆ فەلسەفەی کوردی؛ خەڵاتی زێڕینی سەردەم بەخشرایە د. محەممەد کەمال


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە ڕێوڕەسمێکی شکۆدار و شایستەدا لە شاری سلێمانی، خەڵاتی زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەخشرایە بیرمەند و نووسەری دیاری کورد د. محەممەد کەمال، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ تەمەنێک لە خزمەت و بەرهەمهێنانی فیکری و فەلسەفی لە کتێبخانەی کوردیدا.

ئەم ڕێوڕەسمە لە ڕێکەوتی ١٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ لە تەلاری دووەمی سەردەم لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران و هەوادارانی فەلسەفە ئامادە بوون و ستایشی کارەکانی ئەم بیرمەندە گەورەیەیان کرد کە ژیانی خۆی بۆ فیکر تەرخان کردووە.

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم خەڵاتە هاوتای ڕێزلێنانێکی گەورەیە و دەبەخشرێت بەو کەسایەتییە ڕۆشنبیرییانەی کە پڕکار و پڕبەرهەمن، بۆ ساڵی ٢٠٢٦، د. محەممەد کەمال بەهۆی هەوڵە بێوچانەکانی لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی فیکریی و فەلسەفیی کوردی وەک براوەی خەڵاتەکە دەستنیشانکراوە و لەلایەن ئامادەبووانەوە پیرۆزبایی گەرمی لێکرا.

د. محەممەد کەمال کە لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین سیماکانی فەلسەفە لە کوردستان، ئەو لە ساڵی ١٩٧٩ ڕووی لە زانکۆی کاراچی پاکستان کردووە و لە ساڵی ١٩٨٨ پلەی دکتۆرای لەسەر فەلسەفەی هیگڵ وەرگرتووە، دروشمی سەرەکی ئەم بیرمەندە ئەوەیە کە "دەمەوێت زمانی کوردی فێری فەلسەفە بکەم"، و تاوەکو ئێستاش لە چەندین زانکۆی جیهانی وەک وانەبێژ بەردەوامە.

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە ئەم خەڵاتەی پێشکەش کردووە، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم دەزگایە ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە گواستنەوەی مەعریفەی جیهانی بۆ ناو زمانی کوردی و پشتگیریکردنی نووسەرانی ناوخۆیی.



سەرچاوە: ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەزگای سەردەم


AM:02:56:12/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل