‌نهێنی کۆچی دوایی بڕیجیت باردۆ ئاشکرا کرا

وێستگە ستایل-

نهێنی کۆچی دوایی  بڕیجیت باردۆ ئاشکرا کرا

 

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بێرنارد دورمال، هاوسەری خانمە ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی و جیهانی بڕیجیت باردۆ، لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیا جیهانییەکان و ڕای گشتی، پەردەی لەسەر هۆکاری کۆچی دوایی ئەم خانمە ئەستێرەیە لادا و وردەکارییە خەمناکەکانی بۆ هەمووان ڕوون کردەوە.

بڕیجیت باردۆ، کە بۆ چەندین دەیە وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهانی هونەر و جوانی دەناسرا، لە ڕێکەوتی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ و لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ ململانێی لەگەڵ نەخۆشییەکی کوشندەدا دەکرد و تەندروستی بەرەو خراپی دەچوو.

بەگوێرەی گوتەکانی بێرنارد دورمال، هۆکاری سەرەکیی مردنی باردۆ نەخۆشی شێرپەنجە بووە، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم خانمە ئەکتەرە پێشتر دوو نەشتەرگەریی گەورەی بۆ چارەسەری شێرپەنجە ئەنجامداوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا جەستەی بەرگەی کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکەی نەگرتووە، هاوسەرەکەی جەختی کردەوە کە تا دوا ساتەکانی ژیانیشی باردۆ بەردەوام بووە لە گرنگیدان بە خانەوادەکەی و ئەو ئاژەڵانەی کە لە ژیانیدا ڕزگاری کردبوون.

بڕیجیت باردۆ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بە دیارترین خانمە ئەکتەری جیهان دادەنرا و بە سیمبولی خانمە سەرنجڕاکێشەکان ناوبانگی دەرکردبوو، ئەو پاش ٢٠ ساڵ لە کارکردنی بەردەوام لە بواری نواندندا، لە ساڵی ١٩٧٣ـدا بڕیاری خانەنشینبوونی دا و تەواوی ژیانی خۆی بۆ کاری خێرخوازی و پاراستنی مافی ئاژەڵان تەرخان کرد، کە ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە دڵسۆزترین چالاکوانانی ئەو بوارە لەسەر ئاستی جیهان.

کۆچی دوایی ئەم خانمە ئەکتەرە لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکانی جیهاندا دروستکرد، چونکە ئەو تەنیا وەک هونەرمەندێک نەدەبینرا، بەڵکو وەک کەسایەتییەک کە گۆڕانکاری لە تێڕوانینی مرۆڤ بۆ سروشت و ئاژەڵان دروستکردبوو، ئێستاش بە مردنی، جیهان یەکێک لە دیارترین سیمبوڵە کلاسیکییەکانی جوانی لەدەستدا.


سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان


AM:02:55:12/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل