نوسەر و هونەرمەند نەجم هۆگر دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد
وێستگە ستایل-
نوسەر و هونەرمەند نەجم هۆگر دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە شاری سلێمانی، نوسەر و هونەرمەندی دیاری کورد نەجم هۆگر، دوای ململانێیەکی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و لەژێر چاودێری پزیشکیدا بووە، بەڵام دواجار شەوی ڕابردوو دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆتایی بە ژیانی هات، ئەمەش خەمێکی قووڵی خستە دڵی ڕۆشنبیران و هونەردۆستانی شارەکەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ڕێکارەکانی بەخاڵسپاردنی تەرمەکەی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێ و هونەرمەندان بەڕێوەبچێت، وەک ڕێزێک بۆ ئەو مێژووە دوورودرێژەی کە لە خزمەتکردنی هونەر و ئەدەبدا بەسەری بردووە.
نەجم هۆگر یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی بواری نوسین و هونەر، لەماوەی تەمەنیدا خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازە و جێدەست بووە لە کتێبخانە و ئەرشیفی هونەری کوردیدا، هەمیشە وەک دەنگێکی ڕەسەن و خەمخۆر بۆ کلتووری کوردی ناسرابوو.
بە کۆچی دوایی نەجم هۆگر، ناوەندی هونەری و ئەدەبیی سلێمانی و کوردستان یەکێک لە ڕۆڵە دڵسۆز و بەئەزموونەکانی خۆی لەدەستدا، کە یاد و بەرهەمەکانی وەک میراتێکی بەنرخ بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێننەوە.
PM:12:58:10/12/2025
ئهم بابهته 476
جار خوێنراوهتهوه