ئەمشەو شەپۆلێکی بەفربارین گەیشتە سلێمانی و چیای گۆیژە و ئەزمەڕی سپی پۆش کرد
وێستگە ستایل-
ئەمشەو شەپۆلێکی بەفربارین گەیشتە سلێمانی و چیای گۆیژە و ئەزمەڕی سپی پۆش کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
درەنگانێکی ئەمشەو ١٠/کانونی یەکەم/٢٠٢٥ شەپۆلێکی بەفربارین ڕووی لە شاری سلێمانی کرد و بەهۆیەوە هەردوو چیای گۆیژە و ئەزمەڕ بە بەرگێکی سپی داپۆشران، ئەمەش دیمەنێکی زستانی سەرنجڕاکێشی بە ناوچەکە بەخشیوە
بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی و هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ ناوچەکە، وایکردووە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بارانبارین بگۆڕێت بۆ بەفر و کەشێکی سارد ڕوو لە شارەکە بکات
بەهۆی بارینی بەفرەکەوە، تیمەکانی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکەنەوە کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بەتایبەتی لەو ڕێگایانەی کە دەچنە سەر چیاکان بەهۆی ئەگەری دروستبوونی تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین، هاوکات سەرەڕای سەرماکە ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و گەنجان بۆ وێنەگرتن و بینینی دیمەنی بەفرەکە ڕوویان لەو ناوچانە کردووە
شاری سلێمانی کە بە سروشتە شاخاوییەکەی ناسراوە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا چیاکانی دەوروبەری لەوانە گۆیژە و ئەزمەڕ پێش ناوەندی شارەکە سپی پۆش دەبن و دەبنە شوێنی گەشتیاری زستانە بۆ دانیشتوانی شارەکە و گەشتیاران.
پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەم شەپۆلە ساردە تا سبەینێ بەردەوام بێت و کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما هەبێت لە ناوچەکەدا.
PM:12:51:10/12/2025
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه