‌نامۆ فازیڵ لە نوێترین شەڕیدا لە ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ڕکابەرە بەڕازیلییەکەیدا تۆمار کرد

وێستگە ستایل-

نامۆ فازیڵ لە نوێترین شەڕیدا لە ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ڕکابەرە بەڕازیلییەکەیدا تۆمار کرد

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

پاڵەوانی دیاری کورد، نامۆ فازیڵ، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە گۆڕەپانە جیهانییەکان، توانی لە پاڵەوانێتی "Karate Combat 58" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، دوێنێ ٦/١٢/٢٠٢٥ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ ی بەیانی بە کاتی کوردستان لە شاری دۆراڵ لە ویلایەتی فلۆریدابەڕێوەچوو، یەکێک بوو لە بەهێزترین شەڕەکانی کە ئەنجامدرا . نامۆ فازیڵ ڕووبەڕووی شەڕکەری بە ئەزموونی بەڕازیلی "گیلهێرمێ باستۆس" بووەوە.شەڕەکە ململانێیەکی توندی بەخۆیەوە بینی و هەردوو شەڕکەر ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، دوای تەواوبوونی ڕاوندەکان و بەهۆی نزیکی ئاستیانەوە، ناوبژیوانان بە بڕیاری جیاواز (Split Decision) نامۆ فازیڵیان وەک براوەی شەڕەکە دەستنیشان کرد.نامۆ لەم شەڕەدا توانایەکی جەستەیی و بەرگەگرتنی زۆری نیشاندا، بەتایبەت کە ڕکابەرەکەی شارەزاییەکی زۆری هەبوو لە هونەرە جەنگییەکاندا.

نامۆ فازیڵ کە لە ناوەندە وەرزشییەکاندا بە "The Kurdish King" ناسراوە، پێشتر لە چەندین پاڵەوانێتی گەورەی وەک (Cage Warriors) و (971 FC) سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و خاوەنی جەماوەرێکی فراوانە.

ئەم بردنەوەیەشی لە ئەمریکا و لە پاڵەوانێتییەکی وەک "کاراتی کۆمبات"دا، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی ژیانی وەرزشی و ناساندنی زیاتری ناوی کورد و کورستان لە ئاستی باڵای هونەرە جەنگییە تێکەڵەکاندا.


PM:09:27:07/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل