سام مێندێس لیستی ئەکتەرە نوێیەکانی پرۆژە سینەماییە مێژووییەکەی "زە بیتڵز" ئاشکرا دەکات
وێستگە ستایل-
سام مێندێس لیستی ئەکتەرە نوێیەکانی پرۆژە سینەماییە مێژووییەکەی "زە بیتڵز" ئاشکرا دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە سینەماییەکانی دەیەی داهاتوو، دەرهێنەری ناودار سام مێندێس و کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز ناوی کۆمەڵێک ئەکتەری دیاریان ئاشکرا کرد کە پەیوەندییان کردووە بە پرۆژە چوار بەشییەکەی گروپی ئەفسانەیی "زە بیتڵز".
لە نوێترین هەواڵدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئەکتەر دەیڤید مۆریسی ڕۆڵی جیم مەککارتنی (باوکی پۆڵ) دەبینێت، و لیان بێست ڕۆڵی میمی (پووری جۆن لێنان) دەگێڕێت، هەروەها ئادەم پاڵی وەک ئالێن کلاین، بەڕێوەبەرە مشتومڕ هەڵگرەکەی گروپەکە دەردەکەوێت، ئەم پرۆژەیە کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ نمایش بکرێت، چیرۆکی گروپەکە لە ڕێگەی چوار فیلمی جیاوازەوە دەگێڕێتەوە کە هەریەکەیان لە ڕوانگەی یەکێک لە ئەندامانی گروپەکەوەیە.
ئەم پرۆژەیە بە یەکەمین هەوڵی سینەمایی دادەنرێت کە تێیدا کۆمپانیای ئەپڵ کۆرپس و ئەندامانی گروپەکە (و خێزانەکانیان) مافی تەواوی بەکارهێنانی چیرۆکی ژیان و مۆسیقاکەیان بەخشیبێت بۆ دروستکردنی فیلمی سینەمایی، ئەمەش ڕێگە دەدات کە وردەکارییە شاراوەکانی ژیانی هەر چوار ئەندامەکە: جۆن، پۆڵ، جۆرج و ڕینگۆ، بە شێوەیەکی بێ پێشینە نمایش بکرێت.
پرۆژەکە نەک تەنها لە ڕووی هونەرییەوە گرنگە، بەڵکو وەک دۆکیۆمێنتێکی کەلتوری سەیر دەکرێت کە کاریگەری ئەم گروپە لەسەر مۆسیقا و کلتوری جیهانی دەخاتە ڕوو، هەڵبژاردنی وردی ئەکتەرەکان بۆ ڕۆڵە لاوەکییەکانیش، وەک دایک و باوک و بەڕێوەبەرەکان، نیشانەی ئەوەیە کە دەرهێنەر دەیەوێت وێنەیەکی تەواو و هەمەلایەنە لە ژینگەی گەشەکردنی بیتڵز پێشکەش بکات.
بە تەواوبوونی ئەم چوار فیلمە، چاوەڕوان دەکرێت شۆڕشێکی نوێ لە شێوازی گێڕانەوەی ژیاننامەی هونەرمەندان لە سینەمادا دروست ببێت، و بینەران دەتوانن لە چوار گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری هەمان ڕووداوە مێژووییەکان بکەن، ئەمەش ئەزموونێکی بینینی دەگمەن و قوڵ بۆ هەوادارانی هونەر و مۆسیقا دابین دەکات.
PM:09:10:07/12/2025
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه