‌ئــەوەی تا ئێستا نەتـزانیوە دەربارەی هەورەبروسکە

وێستگە ستایل-

ئێمـەی مـرۆڤ جـارێ زۆر لاوازیـن بەرامبـەر هێز و ڕووداوە سروشـتیەکان، لوقمان حه‌وێز پسپۆڕی گه‌ردوون ناسییه‌ و ده‌ڵێت"هەورەبروسـکە بە نمـونە، بۆ من هەر لە منداڵیمەوە تاوەکو ئێستاش دیاردەی هەورەبروسکە و گرمە و ڕووناکی و بڵێسەی ئەو دیاردەیە یەکێک بووە لە جوانترین دیاردە سروشتیەکان، پێشەکی با هەندێک لە زانیاریەکان دەربارەی هەورەبروسکە بە ژمارە بخەمەڕوو کە کەمتر باسیان لێوە کراوە، دواتر بزانین بۆچی و چۆن و لە کوێدا هەورەبروسـکە ڕوودەدات؟

یەکەم: کاتێک کە دەبینیت هەورەبروسکەیەک ڕوودەدات ئەوە بزانە ڕێڕەوی بروسکەکە و ئەو ڕووناکی و بڵێسەی کە دەیبینت ئەوە بریتیە لە درەوشانەوەی گاز و هەوای زۆر زۆر گەرم کە لەکاتی خاڵیبوونەوەی کارەبایی، لەبەر بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی ئەو هەوایەی سەر ڕێڕەوی بروسکەکە گەیشتووە بە دۆخی پلازما بۆیە ئاوا ڕووناک و بڵێسەدارە و دەدرەوشێتەوە، پلەی گەرمی هەوا لەسەر ڕێڕەوی بروسکە دەگاتە نزیکەی 30 هەزار پلەی سەدی کە ئەویش ڕێڕەوی خاڵیبوونەوەی بواری کارەبایە.

دووەم: درێژی هەورەبروسکە یان ئەو ڕێڕەوەی هەورەبروسکە لەسەریدا ڕوودەدات دەشێت لە دوو سێ کیلۆمەترەوە تا نزیکەی پەنجا کیلۆمەتر بێت، دەشێت بوارە کارەباییەکە تەنیا بەیەکجار خاڵیبێتەوە، دەکرێت تەنیا یەک هەورەبروسکە ڕووبدات لەو شوێنە بەڵام هەندێک جار بەهۆی زۆری بڕی بوارە کارەباییەکە یان دووبارە دروستبوونەوەی بواری کارەبایی لەهەمان بەشی هەورەکە دەشێت زۆر بە خێرایی چەند بروسکەیەک لەسەر یەکتر ڕووبدەن کە جیاوازی نێوان کاتی ڕوودانیان لەوانەیە چەند مایکڕۆ چرکە یان چەند میللی چرکەیەک بێت یان چەند چرکەیەک بێت.

سێیەم: ئەو پەستان و تەزوە کارەباییەی کە خاڵی دەبێتەوە بە ڤۆڵتیە و بەئەمپێر لەکاتی ڕوودانی یەک هەورەبروسکە بڕەکەی بێ شومارە لە زۆری و گەورەیی، بەڵام بۆ هەر بروسکەیەک و بۆ هەر جارێک بە ماوەیەکی زۆر زۆر کەم ڕوودەدات کە لە چەند مایکڕۆ چرکەیەک تاوەکو چەند میللی چرکەیەک تێناپەڕیت، یەک مایکڕۆ چرکە بریتیە لە یەک لەسەر ملیۆنێکی چرکەیەک یەک میللی چرکەش یەک لەسەر هەزاری چرکەیەکە، بەڵام لەم ماوە کەمە لەنێوان 30 هەزار ئەمپێر بۆ 100 هەزار ئەمپێر خاڵی دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەمپێرەکان هێندە گەورەنیە بەڵام زۆری و بێ شوماری بڕی وزەکە بەهۆی ئەوەیە بڕی ڤۆڵتیەی بوارە کارەباییەکەی کە خاڵی دەبێتەوە ئێجگار ئێجگار زۆرە، ڤۆڵتیەی بوارەکە دەگاتە 30 ملیۆن ڤۆڵت و لەوانەیە هەندێک جار زۆر زیاتر بێت و بگاتە زیاتر لە یەک ملیار ڤۆڵت.

چوارم: تیرەی یان ئەستوری هەورەبروسکە تەنیا لەنێوان یەک سانتیمەتر بۆ ئەوپەڕی نزیکەی 5 سانتیمەترە، بەڵام بەهۆی زۆری بڵێسە و ڕووناکیەکەی ئێمە ئەگەر لە دوریشەوە تەماشای بکەین وا دەزانین تیرەی هێڵ و ڕێڕەوی بڵێسەکە زۆر گەورەترە لەوە.

پێنجەم: ئەو دەنگەی کە هەورەبروسکە دروستی دەکات بەهۆی گەرمبوون و کشانی زۆر کت و پڕی ئەو هەوایەی ڕێڕەوی هەورە بروسکەکە دروست دەبێت، دەنگەکە گەلێک زۆر و زۆر بەرزە و ئەگەر چەند سەد مەترێکیش لێی دوربیت ڕەنگە هێشتا لەنێوان 165 دیسیبڵ بۆ 180 دیسیبڵە dB، دیسیبڵ dB یەکەی پێوانەی دەنگە، ئەمەش گەلێک زۆرە بۆ گوێی مرۆڤ، بۆ زانیاریتان بۆ نمونە موەلیدەیەکی ئاسایی له کاتی کارکردن لە نزیکەوە بڕی دەنگەکەی لەنێوان 80 بۆ 85 دیسیبڵە.

ئەگەر زۆر لە بروسکە نزیکتر بیت ڕەنگە بڕی دەنگەکە بگاتە 200 دیسیبڵ ئەمەش بەدڵنیاییەوە ئەگەر زۆر نزیک بیت لێی زیانی بەردەوام بە پەردەی گوێ دەگەیەنێت، دەبێت بزانین توندی دەنگ لەنێوان سەرچاوەی دەنگێک کە 200 دیسیبڵە توندیەکەی زۆرترە لە سەرچاوەی دەنگێک کە بڕەکەی 50 دیسیبڵە بە بڕی 10 توان 15، توندی دەنگ بەشێوەیەکی logarithmic زۆر دەبێت کاتێک ژمارەی دیسێبڵەکانی دەنگ زۆردەبن، بۆیە کە دەڵێین توندی دەنگی هەورە بروسکەیەک دەگاتە 200 دیسیبڵ ئەو دەنگە زۆرترە بە بڕی 100 ملیۆن جار لە توندی دەنگی قیژەی مرۆڤێک کە 120 دیسیبڵە.

ئێستا با بزانین هەورەبروسکە چۆن و بۆچی ڕوودەدات؟
1-هەورەبروسکە و بارانی بە بروسکە لە جۆرە هەورێکدا ڕوودەدات کە پێی دەووترێت cumulonimbus.clouds ئەم جۆرە هەورە بەچڕی و بەرزی لوتکەکەی ناسراوە کە دەگاتە بەرزی 11 کیلۆمەتر وەکو تاوەرن و پێک دێت کاتێک هەوای نیمچە گەرم و شێدار بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و هەوایەکە توشی سارد بوونەوەی کتوپڕ دەبێت، لەو کاتەدا شێیەکەی ناوی چڕ دەبێتەوە و دەبێتە پێکهاتەی ئەو هەورە و لە نێویدا وردیلە و دڵۆپی باران دروست دەبێت، لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی هەوا بەخێرایی ئەو وردیلە بارانانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ وردیلەی بەستوو کە بە کریستاڵی بەستوو دەناسرێن بەریەک دەکەون و بارگەی کارەبایی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ لەسەریان دروست دەبێت بەهۆی وەرگرتن یان لە دەستدانی ئەلیکترۆن لەنێو ئەتۆمەکانی ئەو وردیلە ئاو و کریستاڵە بەستوانە، بەزۆری وردیلە بچوکەکان بارگەی پۆزەتیڤیان دەبێت و دەکەونە دیوی سەرەوەی هەورەکە و وردیلە گەورەکانیش کە یان دەبنە دڵۆپی بارانی گەورە یان تەرزە بارگەی نێگەتیڤیان دەبێت و چونکە ئەو دڵۆپە گەورە و قورسانە بۆ خوارەوە دێن بەشێوەی باران یان تەرزە دەکەونە بەشی خوارەوەی هەورەکە.

2-کاتێک بواری کارەبایی واتە ڤۆڵتیەی نێوان ئەو بەشانەی سەرەوە لەگەڵ بەشەکانی خوارەوە کە بارگەکانیان پێچەوانەیە گەلێک زۆر دەبێت، هەروەها کاتێک بواری کارەبایی نێوان ژێرەوەی هەورەکە لەگەڵ ڕووی زەوی زۆر دەبێت لەو ساتەدا خاڵیبوونەوەی کارەبایی کت و پڕ لەنێو هەورەکەدا ڕوودەدات بەشێوەی هەورەبروسکە هەروەها لە نێوان بەشی خوارەوەی هەورەکە و ڕووی زەوی ڕوودەدات یان لەگەڵ ئەو درەخت و لوتکەی ئەو باڵەخانانەی زەوی ڕوودەدات لەسەر ڕووی زەوین.

3-ئەو هێز و وزە کارەباییەی هەورەبروسکە دروستی دەکات بێ شومارە لەزۆری بۆیە هەرکاتێک و لەهەر شوێنێک کە بینیت لە نزیکی تۆدا هەورە تریشقە و بروسکە هەیە یان بڕۆ ژوورەوە یان لایەنی کەم بچۆ بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەت، لە ژێر دار و درەخت و سەربان و سەر گرد و شوێنی کراوە مەمێنەوە.


PM:03:44:06/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل