‌پەیامەکەی سەرهەنگ موحسین بخوێننەوە سه‌باره‌ت به‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێر

وێستگە سپۆرت-

بەناوی خوا.
ھەمووان گلەیی بێدەنگ بوونم لێ دەكەن! بەرامبەر بەو ڕەفتارە پێشبینی كراوە كارگێڕییەی لەشەوێكی گوماناوی و ڕەشدا بەرامبەرم كرا. بێدەنگ بوونی من لە تەواوی ئەو ماوەیە لەپێناوی یەك شت بووە، ئەویش عیشقی منداڵی و ئەبەدیمە كە (یانەی ھەولێرە) و نەمویست كێشەكانی بچێتە دەرەوە و وام بەباش زانی كپی بكەمەوە و وەك ھەمیشە خۆبەخۆ چارەسەر بكرێت و دواجار گرێیەكی تریش لە پەتی پچڕاو بدەین. 

بۆیە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیم ئاگادار كردەوە لەوەی تا بكرێت كێشەكە لەژێر سەقفی یانەكە چارەسەر بكرێت تا دەگەینە كۆتایی خولەكە و پیشەگەریانە مامەڵەی دۆخەكە بكەین، لەبەر ئەوە بوو تاڵی چاوەڕوانیم دەخواردی خۆمدا و ئەو ھەموو ماوەیە چوومە ژێر باری قوڕسی سەبر گرتن، ئەوەیش بەخێر بۆم نەشكایەوە و تۆمەتی بێدەنگ بوونم شتگەلێكی سەیر بوون كە وتران، لەكاتێكدا من نەژیاوم بۆ وتنی (تكایە) و ئەو وشەیەشم بەس بەخودا وتووە ئاخر ئەوەی ویستوومە پێی گەیشتووم و چاوەڕێی كۆمەك و بەخشێن و ڕێپێدانی ھیچ مەخلوقێك نەبوومە. 

ئیدی ئەمڕۆ ٢٠١٩/٠٧/٣٠ كە سێیەمین دانیشتنمان بوو گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە سەرۆك یانە و بەشێك لەئەندامان و سەرۆكی تۆپی پێی عێڕاق و سەرۆكی تۆپی پێی كوردستانیش نایەنەوێ ئەنجامێك بدەنە دەستم، ھەر ئەمەیش پاڵی پێوە نام دوێنێ بابەتێك لەقالبی ھۆشداری و بەبیرھێانەوە بڵاو بكەمەوە. 

پشت بەخودای ھەمووشت بەدەست ھاندەرانی پاڵپشتی ھەمیشەیم و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست و وەرزش دۆستان لەھەر ھەواڵێك نوێم ئاگادار دەكەمەوە #خۆشم_دەوێن. 

تێبینی: كورتەی ڕووداوەكە، لەناوەڕاستی خول و دوای دەرگا داخرانی گواستنەوەی یاریزانان پێم وترا پشوو بدە تا پێت دەڵێینەوە كەی بێیەوە مەشق.

سه‌رهه‌نگ موحسین 


AM:11:26:30/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 3756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌