ئامەد سپۆر و گەلەتەسەرای یاری لوتکە ئەنجام دەدەن.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی پرۆلیگی تورکیا ئامەد سپۆر بە ئامانجی وەرگرتنی سێ خاڵەکە دەچێتە ئیستەنبوڵ و دژی گەلەتەسەرای یاری دەکات.
بڕیارە ئەمشەو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 11 ی خولی تورکیدا و لە کاتژمێر 7:00 بە کاتی هەرێمی کورستان، یاریگای ڕامس پارک ببێتە شانۆی ڕووبەڕووبونەوەی هەردوو یانەی ئامەد سپۆر و گەلەتەسەرای.
هەردوو یانەکە شەر بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەکەن و بۆ هەردوولایان گرنگە لەبەر ئەوەی گەلەتەسەرای لە پێشەنگیدایە و یانەی ئامەد سپۆریش بە جیاوازی تەنها دوو خاڵ لە پلەی دووەمدایە هەر بۆیە گەلەتەسەرای دەیەوێت بە وەرگرتنی ئەو سێ خاڵە پێشەنگی قایمتر بکات و ئامەدی کوردانیش دەیەوێت سێ خاڵەکە لە گەلاتەسەرای وەربگرێت و پێشەنگیشی پێ چۆڵ بکات.
یاریزانان و سەرجەم دەستەی هونەری یانەی ئامەد سپۆرت بە باشی و بە ئارامییەکی زۆرەوە خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، ئەوەش دوای ئەو زنجیرە ئەنجامە باشە دێت کە لەم وەرزەدا تۆماریان کردووە سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە سەرکەوتوون بۆ پرۆلیگی تورکی بەڵام توانیویانە کێبڕکێ لەسەر پلەکانی پێشەوەی خولەکە و پێشەنگی بکەن.
هەرچی یانەی گەلەتەسەرایە بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە بۆ ئەژنۆی لە تواناکانی ڤیکتۆر ئۆسیمێنی هێرشبەری سەرەکی و یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی یانەکەی بێ بەش دەبێت و لەو یارییەدا ناتوانێت بەشداری بکات، بەڵام ئەنجامدانی ئەم یارییە لە ناو یاریگای خۆیدا وەکو خاڵێکی بەهێزیان سەیر دەکرێت لەبەر ئەوەی هەمیشە ڕامس پارک وەکو یاریگایەکی زەحمەت تەماشا کراوە بۆ یانەکانی ڕکابەر.
ئامارەکانی هەردوو یانە لەم وەرزەدا و بەر لە ئەنجامدانی یاری لوتکە، یانەی گەلەتەسەرای لەم وەرزەدا لە کۆی 10 یاری خاوەنی 8 بردنەوە و یەکسان بوونێک و دۆڕانێکە، هەرچی یانە کوردییەکەیە لەو ژمارە یارییەدا خاوەنی 7 بردنەوە و 2 یەکسان بوون و دۆڕانێکە.
وە ئەمشەو هەموو کوردان لە هەرچوار پارچەکەوە چاویان لە یاریگا و دڵیان لە مشتایندایە بە هیوای ئەوەی یانە کوردییەکە لە گەلەتەسەرای بباتەوە و بچێتە پێشەنگی خولی تورکی.
PM:02:42:07/11/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه