‌بارشەلۆنا لە بیرکردنەوە بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک کاشاوەتەوە و هەوڵ بۆ یەکێکی تر دەدات.

وێستگە سپۆرت-

ئیدارەی یانەی بارشەلۆنا لە پلانەکانیدا بۆ مێرکاتۆی زستانە بەرگریکارێکی تۆتنهامی دەرهێنا و بەرگریکارێکی دیکەی کردووەتە ئامانج تا بیگوازێتەوە. 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕادیۆی کەتەلۆنیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئیدارەی یانەی بارشەلۆنا پیدرۆ پۆرۆی بەرگریکاری یانەی تۆتنهام و هەڵبژاردەی ئیسپانیایان کردبووە ئامانج بۆ ئەوەی لە زستاندا بیگوازنەوە و هێڵی بەرگری یانەکەی پێ بەهێزتر بکەن، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە کە گرێبەستی پۆرۆ لەگەڵ تۆتنهامدا لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیشی زۆرە، هەر بۆیە یانەکە لە پلانەکانیدا ناوی ئەو یاریزانەی بۆ مێرکاتۆی زستانە دەرهێناوە. 

هەر دوابەدوای ئەو هەواڵە ڕۆژنامەی سپۆرت ئەوەی بڵاو کردەوە کە یانەی بارشەلۆنا لیساندرۆ مارتینێزی بەرگریکاری یانەی مانچستەر یۆنایتدی کردووەتە ئامانج و پێیان وایە ئەو بەرگریکارە بە حوکمی ڕۆحیەتەکەی و لایەنە جەستەییەکەی لەگەڵ هێڵی بەرگری یانەکەدا دەگونجێت و ویستی گواستنەوەیان هەیە لەم مێرکاتۆی زستانەیەدا. 

وە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا دیار نییە یانەی بارشەلۆنا بە دڵنیاییەوە لە مێرکاتۆی زستانەدا گرێبەست ئەنجام دەدات یاخود نا بەڵام دوای ئەوەی زۆرینەی بەرگریکارەکانی بە هۆی پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاون، گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێک بووەتە یەکێک لە پێویستییەکان بۆ یانەکە. 


PM:02:14:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری