‌مۆرینۆ نیازی پلانێکی جیاوازی هەیە لە کلاسیکۆ.

وێستگە سپۆرت-

جۆزێ مۆرینۆ لە پاش گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، یەکەم کلاسیکۆی خۆی ئەنجام دەدات و لە بیرکردنەوەی بەردەوامدایە بۆ چەند پلانێکی جیاواز بۆ ئەوەی بارشەلۆناکەی هانسی فلێک ڕابگرێت لە ئەنجامە باشەکانی لە لالیگا.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 11:00 ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزە لە نێوان ڕیاڵ مەدرید و بارشەلۆنا لە ناو یاریگای کامپی نۆدا بەڕوە بچێت. 

ڕۆژنامەی مارکا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە جۆزێ مۆرینۆی ڕاهێنەری نوێی یانەی ڕیاڵ مەدرید بیری لە چەند پلانێکی جیاواز کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە کلاسیکۆ جێبەجێی بکات و بە ئەنجامێکی باش لە کلاسیکۆدا بێتە دەرەوە کە ئەویش یاریکردن بە چەند یاریزانێکو گۆڕانکارییە لە مەرکەزەکانیاندا.  

ڕۆژنامەکە دەڵێت، یەکێک لە پلانەکانی مۆرینۆ ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا یاری بۆ دێزڵ دۆمفرێس و فێدریکۆ ڤاڵڤێردی بکات، دۆمفرێس وەکو باڵی بەرگری و فێدریکۆ ڤاڵڤێردیش وەکو باڵی هێرشبەری بەکار بهێنێت لە پێش دۆمفرێسەوە، ئەوە لە
کاتێکدایە کە یەکەمین جارە ڤاڵڤێرد لە ژێر سەرپەرشتی مۆرینۆدا لەو پێگەیە یاری بکات، بەڵام پێشتر یاریزانە ئۆرۆگواییەکە لەگەڵ کارلۆ ئەنچلۆتیدا ئەو ئەزموونەی تاقی کردووەتەوە و تێیدا سەرکەوتوو بووە. 

مارکا بەشێکی تر لە پلانەکانی مۆرینۆی ئاشکرا کردووە کە ڕاهێنەرەکە دەیەوێت، لە ناوەندی پێکهاتەکەی بە یەکەوە یاری بە ئۆرلین چوامینی و کاماڤینگا دەکات کە هاندەرانی یانەکە لەوە نیگەرانن لەبەر ئەوەی هەردوو یاریزانەکە بەم دواییانە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش نەکردووە و جێگای متمانەی هاندەرانی یانەکە نەماون. 

مۆرینۆ لە دوای گەڕانەوەی یەکەم کلاسیکۆیە ئەنجامی دەدات، بەڵام سەرنجی تەواوی لەسەر بردنەوەیە ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە شارەزایان ئەو شایەتییە بۆ مۆرینۆ دەدەن کە هەمیشە لە کلاسیکۆدا سەنگ و قورسایی خۆی هەبووە و ئەنجامەکانیشی بە شێوەیەکی گشتی باشبوون. 


PM:10:49:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری