‌ڤینیسۆس سزای توند دەدرێت و لە کلاسیکۆش ئامادە نابێت.

وێستگە سپۆرت-

ڤینیسۆس جۆنیۆر بەهۆی وەرگرتنی کارتی سووری ڕاستەوخۆوە چاوەڕوان دەکرێت سزای توندی بەسەردا بسەپێنرێت. 

شەوی ڕابردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید لە ناو یاریگای خۆیدا میوانداری ڤیاڕیاڵی کرد و بە زەحمەت و بە گۆڵێکی بێ وەڵام توانی لە یانەی میوان بباتەوە، وە لە یارییەکەدا ڤینیسۆس بەهۆی کارێکی ناوەرزشییەوە کارتی سووری ڕاستەوخۆی بە ڕوودا بەرزکرایەوە. 

هەریەکە لە ڕۆژنامەی ئاس و پێگەی کۆپی ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە ڤینیسۆس وەکو سزای کارتە سوورەکە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بووە 2-3 یاری ڕادەگیرێت . 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەمڕۆ تانە لە کارتە سوورەکە دەدات بۆ ئەوەی سزای یاریزانەکە کەمتر بێت، بەڵام لە باشترین ئەگەریشدا یاریزانەکە ناتوانێت بەشداری کلاسیکۆ بکات کە بڕیارە لە 25 ی ئەم مانگەدا بەڕیوەبچێت. 

کۆپی باسی لەوەشکردووە، کە ڤینیسۆس لە پاش ئەوەی کارتی سووری بەڕوودا بەرزکراوەتەوە بە شێوازێکی خراپیش کاردانەوەی بەرامبەر ناوبژیوان کردووە و ئەگەر ناوبژیوانی یارییەکە ئەوەیشی لە ڕپۆرتی یارییەکەدا نوسیبێت ڤینیسۆس زۆر زیاتر ڕادەگیرێت. 

جگە لە ڤینیسۆس باس لەوە دەکرێت کە جود بێلینگهامیش کاردانەوەیەکی خراپی هەبووە و تەنانەت قسەی نەشیاویشی کردووە کە ئەگەر ئەوەش لە ڕاپۆرتی ناوبژیواندا ئاماژەی پێدرابێت ئەوا ئەو یاریزانەش سزا دەدرێت. 


AM:11:12:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌