‌چاوەڕوان دەکرێت ناوبژیوانەکەی دێربی مەدرید بۆ هەمیشە سڕ بکرێت.

وێستگە سپۆرت-

دوای ئەوەی لیژنەی ڕێکارەکانی لالیگا بەدواداچوونەکانی بۆ بڕیارەکانی ناوبژیوانەکەی یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید دەست پێکرد، چاوەڕوان دەکرێت ئەو ناوبژیوانە بە توندی سزا بدرێت. 

دیۆگۆ مۆنگوالی ڕۆژنامەنوسی وەرزشی لە ئیسپانیا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لیژنەی ڕێکارەکانی لالیگا لە دوای بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئۆرتێز ئاریاسی ناوبژیوانی دێربی مەدرید، هەڵسەنگاندێکی نەرێنییان بۆ بڕیارەکانی کردووە و بەم نزیکە بڕیار لەسەر چارەنوسی ناوبژیوانەکە دەدرێت. 

ڕۆژنامەنوسەکە باس لەوەش دەکات، کە ڕەنگە ئەو ناوبژیوانە بە ڕاگرتن بۆ دوو یاری لە لالیگا سزا بدرێت. 

دیۆگۆ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە دەنگۆیەک هەیە کە هەندێک لە ئەندامانی لیژنەکە دەیانەوێت بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە ئەو ناوبژیوانە چیتر هیچ یارییەکی تری لالیگا بەڕێوە نەباتەوە و دوای ماوەیەک لە سڕ کردن ، سەرپەرشتیکردنی یارییەکانی لالیگای دوو وە خوارتری پێ بدرێت و چاودێری بکرێت. 

ئەو بەدواداچوونانەی لیژنەکە دوای ئەوە هات کە ناوبژیوانەکە لە یارییەکەی دێربی مەدریدا دوو بڕیاری هەڵەی گەورە و چەند بڕیارێکی گوماناوی دا کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕیتم و ئەنجامی یارییەکە هەبوو. 


PM:10:17:21/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری