‌بارشەلۆنا 7 گۆڵی دیکەی تۆمار کرد.

وێستگە سپۆرت-

یانەی بارشەلۆنا بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارەیان ڕایسینگ سانتاندێری گۆڵ باران کرد.

لە درێژەی یارییەکانی هەفتەی شەشەمی لالیگادا یانەی بارشەلۆنا لە یاریگای خۆیدا میوانداری ڕایسینگ سانتاندێری کرد.

هەر لە سەرەتای یارییەکەوە وەکو هەمیشە کوڕانی هانسی فلیک کۆنترۆڵی یاریگایان کردبوو، هێرش و فشارێکی زۆریان دەخستە سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر، تاوەکو لە خولەکەکانی 8 و 25 دا دوو گۆڵی یەک لە دوای یەکیان کرد، هەرچەندە لە پاش ئەو گۆڵە بە هێرشێک یانەی ڕیسینگ لە خولەکی 30 دا گۆڵێکیان تۆمار کرد، بەڵام بارشەلۆنا لە خولەکەکانی 36 و 42 دا بە دوو گۆڵی تر وەڵامیان دانەوە و ئەو تایمە بە ئەنجامی 4-1 لە سوودی بارشەلۆنا کۆتایی هات. 

سیناریۆی تایمی دووەمیش هاوشێوەی تایمی یەکەم بوو کاتێک یانەی بارشەلۆنا کۆنترۆڵی تۆپ و یاریگای کردبوو، بەڵام یانەی میوان دووبارە بە هێرشێکی لە ناکاو خۆیان گەیاندە سەر گۆڵی بارشەلۆنا و بەهۆی هەڵەی چێزنی گۆڵپارێزەوە گۆڵی دووەمیان تۆمار کرد، بەڵام ڕەشەبای بارشەلۆنا 3 گۆڵی تری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک لە خولەکەکانی 67 و 79 و 89 دا سێ گۆڵی تریان تۆمار کرد و کەرنەڤاڵی گۆڵەکانیان کۆتایی پێ هێنا، سەرەنجام یانە کەتەلۆنییەکە بە سەرکردایەتی ڕافینها توانی بە ئەنجامی 7-2 لە سانتاندێر بباتەوە.

ڕافینهای هێرشبەری یانەکەش توانی لە یارییەکەدا هاتریک تۆمار بکات.

بەو بردنەوەیەش یانەی بارشەلۆنا بەردەوامی بە ئەنجامە باشەکانی دا و لە ئێستادا بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەدایە.  



AM:11:50:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌