سزاکەی سەر مۆدریک لابرا.
وێستگە سپۆرت-
سزای باندکردن لە یاریکردن لەسەر میخایلۆ مۆدریکی یاریزانی چێڵسی لابرا و چیتر دەتوانێت لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەردەوام بێت لە یاریکردن.
ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان لەگەڵ میخایلۆ مۆدریکی یاریزانی چێڵسی بەردەوامە سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کەیسەکەی کە ئایا ئەو یاریزانە ماددەی وزە بەخشی بەکار هێناوە یاخود نا، وە بە درێژایی ئەو ماوە ئەو یاریزانە لە یاریکردن ڕاگیرا.
بەڵام ئەمڕۆ لە دوای دواین لێکۆڵینەوە لە کەیسی یاریزانەکە بڕیاردرا کە یاریزانەکە کەیسەکەی دابخرێت و سزاکەی سەری ڕابگیرێت.
هەرچەندە خۆی ئەڵێت کە من بە ئاگایی خۆمەوە هیچ دەرمانێکی قەدەغەکراوم بەکار نەهێناوە، بەڵام لە کەیسەکەیدا بە بەکارهێنانی ماددەی Meldonium سزا درابوو کە میڵدۆنیۆم دەرمانێکە سووڕی خوێن چالاکتر دەکات و گەیاندنی ئۆکسجین بە ماسولکەکان خێراتر دەکات، کە ئەمەش بەرگەگرتنی جەستەی وەرزشوان لە دۆخە قورسەکاندا زیاتر دەکات( هەر بۆیە بەکارهێنانی لە لایەن وەرزشەوانەوە قەدەغە کراوە و سزاکەی لە نێوان 2-4 ساڵدایە)
هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە ڕێژەیەکی زۆر کەمی بەکار هێناوە، بەڵام ئەتوانێت لە یاریکردن بەردەوام بێت وە ئەو سزا داراییانەی کە لەگەڵ سزای باند کردنەکە هەبوو ئەویان ماوە و جێبەجێ ئەکرێت، واتا ئەبێت ئەو بڕە پارە دیاریکراوە بدات.
مۆدریک دەگەڕێتەوە چێڵسی و لە ئێستاشدا ئامادەیە بۆ ئەوەی سبەی لەگەڵ یانەکەی گەشتی هۆنگ کۆنگ بکات بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ.
PM:10:53:31/07/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه