پاریس لە ئەرسناڵی بردەوە و بووە پاڵەوان.
وێستگە سپۆرت-
لە یاری کۆتایی چامپیۆنسلیگ، یانەی پاریس سانجێرمان بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە ئەرسناڵی بردەوە و بۆ دووەم وەرزی لەسەر یەک بووە پاڵەوان.
ئەمشەو یاریگای بوشکاش ئارینا لە شاری بۆداپێستی هەنگاریا، بووە شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجیرمانی فەڕەنسی و ئەرسناڵی ئینگلیزی، لە یاری کۆتایی چامپیۆنسلیگدا.
لە تایمی یەکەمدا، تۆپچییەکان باشتر دەرکەوتن و لە هێرشێکدا لە خولەکی 6دا، هاڤێرتز ئارسناڵی بە شێوازێکی نایاب کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، لە پاش ئەو گۆڵە یارییەکە هاوسەنگییەکی زۆری بە خۆیەوە بینی و هەردوولا بە وریاییەکی زۆرەوە یارییان دەکرد، سەرەنجام ئەو تاکە گۆڵە بووە ناسنامەی تایمی یەکەم.
لە تایمی دووەمدا کوڕانی لویس ئینریکی باشتر لە کەشی یارییەکەدا بوون و هەوڵی زۆری گۆڵ تۆمارکردن و یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکەیان دا، تا ناوبژیوان لە خولی 65 دا لێدانێکی سزای بۆ هەژمار کردن و عوسمان دیمبیڵی بە سەرەکەوتووی توانی گۆڵی یەکەم و یەکسانی بۆ یانەکەی تۆمار بکات، هەرچەندە هەردوولا زۆر هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوەیان دا لە تایمی دووەمیشدا، بەڵام هیچ لایەکیان نەیانتوانی نە لەو تایمە نە لە دوو تایمی زیادکراودا گۆڵی بردنەوە تۆمار بکەن.
ناوبژیوان بە ناچاری پەنای بردە بەر لێدانە یەکلا کەرەوەکان، سەرەنجام یانە پاریسییەکە بە ئەنجامی 4-3 توانی یارییەکە لە سوودی خۆی یەکلا بکاتەوە و ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنسلیگی ئەم وەرزە.
جێی ئاماژەیە ئەمە دووەم وەرزە لەسەر یەک یانەی پاریس سانجێرمان لە ژێر سەرپەرشتی لویس ئینریکیدا دەبنە پاڵەوانی چامپیۆنسلیگ.
AM:12:54:31/05/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه