ئەرسناڵ بردیەوە و مان سیتی دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا و چێڵسیش توشی شکست هات.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی ئینگلیزی، یانەی ئەرسناڵ توانی لە ئیڤەرتۆن بباتەوە و یانەی مان سیتیش لەگەڵ وێستهام بە گۆڵێک یەکسان بوون و یانەی چێڵسیش بە نیوکاسڵ دۆڕا.
شەوی ڕابردوو لە یارییەکانی هەفتەی 30 ی پرێمەرلیگدا چەند یارییەک ئەنجامدرا.
لە یاری یەکەمدا یانەی چێڵسی میوانداری نیوکاسڵی کرد، لە سەرەتای یارییەکەوە یانەی میوان بە بەهێزی دەرکەوتن و لە خولەکی 18 دا نیوکاسڵ گۆڵی یەکەمیان تۆمار کرد، هەرچەندە دواتر هەردوولا بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان، چێڵسی بۆ یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکە و یانەی نیوکاسڵیش بۆ تۆمار کردنی گۆڵی زیاتر، بەام کەسیان سەرکەوتوو نەبوون و سەرەنجام یارییەکە بەو تاکە گۆڵە لە سوودی نیوکاسڵ کۆتایی هات.
لە یارییەکی تردا یانەی ئەرسناڵ میوانداری ئیڤەرتۆنی کرد، یارییەکە هاوسەنگییەکی زۆری پێوە بەدی دەکرا، بەڵام لە دواساتەکانی یارییەکەدا یاریزانانی تۆپچییەکانی لەندەن دوو گۆڵیان تۆمار کرد و سێ خاڵی تریان خستە سەر کۆی خاڵەکانیان.
لە کۆتا یاری ئەو شەوەدا یانەی مان سیتی بووە میوانی وێستهام، هەردوولا بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و هەوڵی گۆڵ تۆمار کردنیان دەدا، بەڵام یاریزانانی مان سیتی دەستپێشخەرییان کرد و لە خولەکی 31 دا گۆڵی یەکەمی خۆیان تۆمار کرد، بەڵام دڵخۆشی تۆمار کردنی گۆڵەکەیان زۆری نەخایاند و لە خولەکی 35 دا یانەی وێستهام گۆڵی یەکسانیان تۆمار کرد و یارییەکە تا کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە.
بەم ئەنجامانەش یانەی ئەرسناڵ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 70 خاڵ و مان سیتی 61 خاڵی هەیە و جیاوازی خاڵەکانیان بەرزبوویەوە بۆ 9 خاڵ وە یانەی چێڵسیش خاوەنی 48 خاڵە و بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی پێنجەمی ڕیزبەندی خولەکە گیرساوەتەوە.
AM:11:55:15/03/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه