‌شەوی ڕابردوو لە چامپیۆنسلیگ ئەنجامی سەیر تۆمارکران.

وێستگە سپۆرت-

لە چامپیۆنسلیگ، ئینتەر میلان دۆڕا و ئەتلەتیکۆ یەکسان بوو وە نیوکاسڵ و لیڤەرکوزنیش بردیانەوە. 

شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی چوونی پلەی ئۆفی چامپیۆنسلیگدا چەند یارییەک ئەنجامدران. 

سەرەتا نیوکاسڵ بووە میوانی قەرەباخ و یاریزانانی ماکپایس زۆر باش دەرکەوتن و بە ئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی لە قەرەباخ بردەوە و تاڕادەیەکی زۆر گەیشتنی بە قۆناغی 16 ی پاڵەوانییەتییەکە مسۆگەر کرد. 

لە یارییەکی تردا ئینتەرمیلان بووە میوانی بودۆ گڵیمت، بەڵام دوور لە پێشبینییەکان یاریزانانی ئینتەر نەیانتوانی زۆر بەباشی دەرکەوتن و بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەیان بە یانە نەرویجییەکە دۆڕاند. 

لە یەکێکی تر لە یارییەکانی ئەو شەوەدا کلوب بروج میوانداری ئەتلەتیکۆ مەدریدی کرد، بەڵام نەیهێشت یانەکەی شاری مەدرید بە ئاسانی و بەبردنەوەوە بگەڕێتەوە ئیسپانیا و بە سێ گۆڵ بۆ هەر لایەکیان یەکسان بوون. 

لە کۆتا یاری ئەو شەوەشدا، لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بووە میوانی ئۆڵۆمپیاکۆس، وە یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە. 

بڕیارە لە 24 ی ئەم مانگەدا سەرجەمیان یاری گەڕانەوە ئەنجام بدەن و ناسنامەی یانەکانی قۆناغی 16 یەکلا بکەنەوە. 


PM:12:08:19/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری