مان یونایتد لە ناو یاریگای ئیماراتدا ئەرسناڵی شۆک کرد.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی ئینگلتەرا، مانچستەر یونایتد یاری لوتکەی لە ئەرسناڵ بردەوە و چووە ڕیزبەندی چوارەمی خولەکەش.
شەوی ڕابردوو لە یارییەکانی هەفتەی 23 ی پرێمەرلیگدا، ئەرسناڵ لە یاریگای ئیماراتی تایبەت بە خۆی میوانداری شەیتانە سوورەکانی شاری مانچستەری کرد.
لە تایمی یەکەم، کوڕانی ئەرسناڵ باشتر دەرکەوتن و چەند هێرشێکی زۆریان بردە سەر گۆڵی شەیتانە سوورەکان تا لە دەرەنجامی ئەو هێرشانە و لە خولەکی 29 مارتینێز بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان تۆمارکرد و گۆڵی یەکەمی بەخشی بە ئارسناڵ، بەڵام شەیتانە سوورەکان بێوەڵام نەبوون و لە خولەکی 37 مبێمۆ ئەنجامەکەی بۆ مان یو یەکسانکردەوە و ئەو تایمە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتایی هات.
لە سەرەتای تایمی دووەمەوە، شەیتانە سوورەکان باشتر دەرکەوتن و لە خولەکی 50 دۆرگو توانی گۆڵی دووەم بۆ مانچستەر تۆماربکات، پاش ئەوەش کوڕانی گەنەرز هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، لە دەرەنجامی چەند هەوڵێکی زۆر توانیان لە خولەکی 84 گۆڵی یەکسانی لەڕێگای مێرینۆوە تۆماربکەن، بەڵام لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا، شەیتانە سورەکان گورزی خۆیان وەشاند و توانیان لە خولەکی 87 لەرێگای کۆنیاوە گۆڵی سێیەم تۆماربکەن و سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی 3-2 لە سوودی سوورپۆشەکانی مانچستەر کۆتای هات.
بەو بردنەوەیەش مانچستەر یونایتد خاڵەکانی بەرزکردەوە بۆ 38 خاڵ و چووە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی خولەکە، وە ئارسناڵیش 50 خاڵی هەیە و لە پێشەنگیدا مایەوە.
AM:11:47:26/01/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه