سەنیگال لە یاری کۆتایی لە مەغریبی بردەوە و بووە پاڵەوان.
وێستگە سپۆرت-
لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، سەنیگال لە یاری کۆتاییدا بە زەحمەت لە مەغریبی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامەکە.
لە یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و سەنیگال ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە تایمی یەکەمی یارییەکەدا هەردوولا بە ترسەوە یارییان تۆپ زیاتر لە ناوەندی یاریگا دەبینرا و ئەو تایمە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە تایمی دووەمدا هەردوو هەڵبژاردەکە چەندین هێرشی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵی یەکتر، لە کۆتا خولەکەکانیاشدا ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ هەڵبژاردەی مەغریب هەژمار کرد بەڵام ئیبراهیم دیاز نەیتانی سەرکەوتوانە لێدانەکە جێبەجی بکات و لێدانەکە لەدەستدا، ئەو تایمەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات و پەنا برایە بەر دوو تایمی زیادکرا و بۆ یەکلا کردنەوەی یارییەکە.
لە تایمی یەکەمی زیادکراو و بە دیاری کراوی لە خولەکی 94 دا هەڵبژاردەی سەنیگال لە ڕێگەی پاپی گایی بە شێوازێکی زۆر جوان، توانیان گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن، و ئەو گۆڵە بوو بە ناسنامەی یارییەکە و سەرەنجام هەڵبژاردەی سەنیگال بە گۆڵێکی بێەرامبەر لە هەڵبژاردەی مەغریبی بردەوە.
بەو بردنەوەیە هەڵبژاردەی سەنیگال بوو بە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
AM:11:50:19/01/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه