‌بارشەلۆنە دێربی کەتەلۆنیای بردەوە و پێشەنگی بەهێزتر کرد.

وێستگە سپۆرت-

لە خولی ئیسپانی بارشەلۆنە بە زەحمەت لە ئیسپانیۆڵی بردەوە و سێ خاڵی دیکەی خستە سەر ژمارەی خاڵەکانی.

شەوی ڕابردوو لە یارییەکانی هەفتەی 19 ی لالیگادا، و لە دێربی کەتەلۆنیا بارشەلۆنە بووە میوانی ئیسپانیۆل و بەزەحمەت یارییەکەی لێ بردەوە.

لە تایمی یەکەمدا، یاریزانانی ئیسپانیۆل باشتر دەرکەوتن و چەند هێرشێکی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵی بارشەلۆنە بەڵام خوان گارسیای گۆڵپارێزی بارشەلۆنە زیرەکانە تۆڕی گۆڵەکەی پاراست و بەرپەرچی سەرجەم هێرشەکانی دایەوە، ئەو تایمەش بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. 

تایمی دووەمی یارییەکەش بە هەمان سیناریۆی تایمی یەکەم دەرکەوت، یانەی خاوەن یاریگا دووبارە باشتر دەرکەوتن بەڵام دووبارە گارسیای گۆڵپارێزی بارشەلۆنا نەیهێشت گۆڵ تۆمار بکەن، دواتر هانسی فلیکی ڕاهێنەری بارشەلۆنا چەند گۆڕانکارییەکی کردوو یارییەکەی بەسەر ئیسپانیۆڵدا هەڵگێڕایەوە و بارشەلۆنا لە خولەکەکانی 86 و 90 دا دوو گۆڵیان تۆمار کردوو سەرەنجام بارشەلۆنا بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەکەی لە ئیسپانیۆڵی خاوەن یاریگا بردەوە. 

بەم بردنەوەش بارشەلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 49 خاڵ و پێشەنگی ڕیزبەندی بەهێزتر کرد.


AM:10:38:04/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌