کێشەی دارایی خەریکە ڕکابەرێکی عێراق لە پاشکۆی مۆندیال دووردەخاتەوە.
وێستگە سپۆرت-
هەڵبژاردەی سورینام لە پاشکۆی مۆندیالدا، خەڵآتێکی بەنرخ پێشکەشی هەڵبژاردەی عێراق دەکات.
ئێستا هەڵبژاردەی سورینام لەبەردەم کارەساتێکی گەورەی دارایی دایە و ئەگەری هەیە لە پاشکۆی مۆندیال بکشێتەوە و خەڵاتێکی بەنرخ پێشکەشی هەڵبژاردەی عێراق بکات.
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی سورینام لە لێدوانێکیدا گوتی: " ئێمە لەبەردەم دۆخێکی مەترسیداری دارای داین و پێویستمان بە نزیکەی 6 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان ڕێک بخەینەوە و هەڵبژاردەکەمان ئامادە بکەین بۆ یارییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامیان نەداوینەتەوە، وە ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بێت ڕەنگە نەتوانین بەژداری یارییەکان بکەین و بکشێینەوە ".
پاش ئەوەی کە هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا نەیتوانی بە ڕاستەوخۆی سەر بکەوێت بۆ مۆندیال و کەوتە پاشکۆی پاڵەوانییەتییەکە وە لە تیروپشکەکەدا هەڵبژاردەی عێراق تەنها یەک یاری ئەنجام دەدات و بە بردنەوەی ئەو یارییە ڕاستەوخۆ دەگاتە مۆندیال، وە بۆ دیاری کردنی ڕکابەرەکەی، عێراق دەبێت چاوەڕوانی براوەی یاری نێوان هەڵبژاردەی سورینام و هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بکات، کە براوەیان بەر عێراق دەکەوێت.
خەڵاتە بەنرخەکەی سورینامیش بۆ عێراق ئەوەیە کە ئێستا ماوەیەکی زۆری ماوە بۆ یارییەکە کە بڕیارە لە مانگی 3 ی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت هەر بۆیە ئەگەر سورینام بکشێتەوە ئەوا هەر لە ئێستاوە ڕاهێنەر و دەستەی هونەری عێراق دەتوانن کاری جدی لەسەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بکەن و خوێندنەوەی باش بۆ یارییەکە بکەن، وە بە تەواوی ئامادەکارییەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ببنەوە.
ن.س
PM:12:49:14/12/2025
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه