‌فلیک: بیر لە ڕیزبەندی یەکەمی لالیگا ناکەینەوە

وێستگە سپۆرت-

هانسی فلیکی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە دۆخی تیپەکەی بە قورس وەسف کرد و ڕاشیگەیاند، بیر لە ڕیزبەندی یەکەمی لالیگا ناکاتەوە.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێش ڕوبەڕبوونەوەیان بەرانبەر ئالاڤێس لە ڕۆژی شەممە، سەرەتا ڕاهێنەرەکەی بلاوگرانا ئەوەی خستەڕوو، لەڕووی دەروونییەوە هەمووان لە دۆخێکی خراپدان بەهۆی دۆڕانەکەیان بە چێڵسی و زۆر قورس بووە لەسەریان و هەموو یارییەک لە خول قورسە و دەبێت سەرنجیان لەسەر سێ خاڵەکە بێت و لە ئێستادا بیر لە گرتنی پێشەنگی ناکەنەوە و ورەیان بەرزە بۆ ئەوەی لە هەموو یارییەک ئاستیان بەرەو پێش بچێت.

فلیک دەشڵێت: حەز ناکەم باسی پێکهاتەی سەرەکی بکەم، بەڵام کریستێنسن دەکرێت یەکێک بێت لە بژاردەکانمان، هاوکات پێدری چەند خولەکێک بەشداری دەکات، بەڵام فێرمین لۆپێز تووشی پێکان بووە و ئەمە جگە لەوەی ئاراوخۆش بەهۆی پەتاوە یاری ناکات.
ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە دەشڵێت: هەستمان بە نەبوونی ڕافینیا کردووە، چونکە یاریزانێکی گرنگە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە چەند یاریزانێکی باشە.

لە کۆتایدا فلیک سەبارەت بە لامین یەماڵ باسی لەوەکرد، شتێکی ئاساییە یاریزان حەزی بە گۆڕانکاری پێکردن نییە، بەڵام لە یارییەکەی چێڵسی، کوکورێلا یەکێکە لە باشترینەکان و یاریکردن بەرانبەری ئاسان نییە و ئێستا لامین دەبێت سەرنجی لەسەر یارییەکەی ئالاڤێس بێت.



PM:06:10:28/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌