سكالۆنی دژی بەڕێوەچوونی ئەم یارییەیە
وێستگە سپۆرت-
لیۆنێل سكالۆنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دژی بەڕێوەچوونی یاریی فینالیسمایە بەرانبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 ئەرجەنتین نازناوی كوپا ئەمریكای بردەوە و ئیسپانیاش یۆرۆی بردەوە، پێشبینی دەكرا لە سەرەتای ساڵی 2025 یارییەك لە نێوان هەردوو هەڵبژاردە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆكاری پاڵەوانێتی كۆنكاكاف و پاڵاوتنی مۆندیال و جامی جیهانی یانەكان نەتوانرا ئەم یارییە ئەنجام بدرێت و ئێستا دەوترێت ئەگەر ئیسپانیا پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی لە پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال بگرێت یارییەكە مانگی سێ دەكرێت.
لەو بارەیەوە لە نوێترین لێدوانیدا سكالۆنی وتی: ئەگەر بۆچوونی من وەربگرن پێم باش نییە ئەم یارییە بكرێت، چونكە لە پێشتردا كاتمان هەبوو ئەم یارییە بكەین، بەڵام بەهۆی نەیشنسلیگەوە كە پاڵەوانێتییەكی داهێنراوە و ئیسپانیاشی تێدا بوو نەتوانرا ئەم یارییە ئەنجام بدرێت.
ڕاهێنەرەكەی ئەرجەنتین وتیشی: ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان یارییەكی ئاوا گرنگ دوو مانگ پێش مۆندیال بكرێت كاتەكەی زۆر خراپە و هیچ شتێك ڕوون نییە.
لە كۆتایدا سكالۆنی دەڵێت: ئەگەر ئیسپانیا پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی بەدەست بهێنێت ئەوا دەتوانێت لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو یاری بكات، بەڵام هەموو شتێك زۆر نادیارە و پێویستمان بە پلانی ڕوون و ئاشكرایە.
PM:06:12:02/09/2025
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه