ئینریكی: خۆشحاڵم دەگەڕێینەوە یاریگای خۆمان
وێستگە سپۆرت-
لویس ئینریکی ڕاهێنەری پاریس سانجێرمان ڕایگەیاند، هێشتا دەرگای مێرکاتۆ کراوەیە و ئاماژەی بەوەش کرد، هەمیشە پشت بەو یاریزانانە دەبەستێت کە ئاستێکی بەرز نیشان دەدەن.
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەیان بەرانبەر ئانجیە، لە خولی فەڕەنسی، سەرەتا ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە وتی: دوای ئەنجامدانی دە یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆمان خۆشحاڵین دەگەڕێینەوە یاریگای خۆمان و یاری ئەنجام دەدەین، تۆمارکردنی گۆڵ لە دەرەوەی ناوچەی سزا شێوازێکی نوێ نییە، بەڵکو چارەسەرێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو یارییانەی تیپی بەرانبەر یاریزانێکی زۆری لە ناوچەی سزادا هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لویس ڕوونی کردەوە، وەک ڕاهێنەرێک بڕوای بە خورافاتەکان نییە، وەک ڕاهێنەرێک هەمیشە پشت بەو یاریزانانە دەبەستێت کە لە ڕاهێنانەکان بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەون و شایەنی پێدانی دەرفەتن بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەچاوکردنی بابەتی دیکە.
ئینریکی ئەوەش دەخاتەڕوو، گرنگی بەو ڕەخنانە نادات کە باس لە هەڵبژاردنی چێڤالێری دەکەن وەک گۆڵپارێز و دوورخستنەوەی دۆناڕوما لە پلانەکانی، ڕاستە بڕیارێکی قورس بووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی نییە لەو بڕیارەی و زۆر باش دەزانێت دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن و هێشتاش مێرکاتۆ کراوەیە.
لە کۆتایدا ڕاهێنەرەکەی پاریس دەڵێت: وەرزی نوێ دەبێتە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ دێمبڵی، چونکە وەرزی پێشوو ئاستێکی بەرزی نیشاندا و دڵنیام باشتریش دەبێت و یاریزانێکی گرنگە لە هێڵی هێرشبەری و بەشداریکردنی لە بەرگریکردندا.
PM:08:23:21/08/2025
ئهم بابهته 636
جار خوێنراوهتهوه