هیلال گرێبەستی لەگەڵ تیۆ واژوو كرد
وێستگە سپۆرت-
تیۆ هێرناندێزی فەڕەنسی و بەرگریكار لە ئەیسی میلانەوە ڕووی لە هیلالی سعودی كرد.
ماوەی نزیكەی یەك مانگ دەبێت یانە سعودیەكە بۆ گواستنەوەی تیۆ لەگەڵ میلان گەیشتبووە ڕێككەوتن، بەڵام بەرگریكارەكە نەیدەویست ڕوو لە هیلال بكات.
دواجار یانەی هیلال بە فەڕمی گواستنەوەی تیۆ هێرناندێزی بە گرێبەستێكی سێ وەرزە و تاكو هاوینی 2028 بە نزیكەی 25 ملیۆن یۆرۆ ئاشكرا كرد.
بەپێی زانیارییەكان بێت، مووچەی تیۆ هێرناندێز لەگەڵ هیلال ساڵانە نزیكەی 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
تیۆ دوای واژووكردنی بۆندەكەی وتی: بڕیاری ڕۆشتنم ئاسان نەبوو، من هەمیشە زانیومە بەرەو كوێ دەڕۆم، میلانیش هەمیشە لە پێشینەی كارەكانم بووە، بەداخەوە هەموو شتێك پەیوەست نییە بە یەك كەسەوە، ڕێڕەوی یانەكە و هەندێك لە بڕیارەكانی ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی ئەو بەها و ئامانجانە نییە كە منی هێنایە ئێرە.
شایەنی باسە تیۆ هێرناندێز وەرزی ڕابردوو لە 49 یاری لەگەڵ میلان لە پاڵەوانێتییە جیاوازەكاندا بەشداری كرد و پێنج گۆڵی تۆماركرد و شەش ئەسیستیشی كرد.
PM:09:00:10/07/2025
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه