‌یانەی نەورۆز سێ خاڵی گرنگی لە گەرمە وەرگرت.

وێستگە سپۆرت-

لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی نەورۆز لە ناو یاریگای خۆیدا یانەی گەرمەی سارد کردەوە و ڕیمۆنتادایەکی مێژووی لە دژی ئەنجامدا.

شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 14 ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی نەورۆز لە یاریگا جوان وتایبەتەکەی خۆیدا میوانداری یانەی گەرمەی کرد. 

یارییەکە تەنها ڕوبەڕووبونەوەیەکی ئاسایی نەبوو لەبەر ئەوەی گەرمە لە پێشەنگی خولەکە بوو جیاوازی خاڵيکانی لەگەڵ نەورۆزی پلەی دووەمدا تەنها چوار خاڵ بوو واتا یارییەکە جەنگی بەدەستهێنانی سێ خاڵ بوو کە بەهای شەش خاڵی بۆ هەر لایەکیان هەبووە. 

لە سەرەتای یارییەکەوە یانەی میوان باشتر دەرکەوتن و لە خولەکی 4 ی یارییەکەدا بەهۆی هەڵەیەکی بەرگریکاری یانەی نەورۆز تۆپەکەیان وەرگرت و گۆڵی یەکەمیان پێ تۆمارکرد، هەرچەندە یاریزانانی نەورۆز هەر زوو وەڵامی خۆیان هەبوو لە خولەکی 14 دا گۆڵی یەکەم و یەکسانیان تۆمار کرد بەڵام کوڕانی گەرمە بەردەوام بوون لە ئاستە باشەکەیان و بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بەڵام تایمی یەکەم بە ئەنجامی یەکسانی و بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتایی هات. 

لە تایمی دووەمدا هەر زوو گەرمە گورزی خۆی هاویشت و لە خولەکی 48 دا گۆڵی دووەمیان تۆمارکرد، یارییەکە گەرموگڕییەکی زیاتری بە خۆیەوە بینی و هەردوو ڕاهێنەر چەند گۆڕانکارییەکیان ئەنجام دا بۆ ئەوەی جێ دەستی خۆیان بەسەر یارییەکەوە جێ بهێڵن بەڵام سەرەنجام گۆڕانکارییەکانی وەلید کەریمی ڕاهێنەری نەورۆز بەرهەمدارتر بوون کاتێک لە دوو هێرشی یەک لە دوای یەکدا بە شێوازێکی نایاب دوو گۆڵی یەک لە دوای یەکیان تۆمار کرد و ئاویان بە گەرمییەکەی گەرمەدا کرد، سەرەنجام نەورۆز بە ئەنجامی 3-2 یارییەکەیان لە سوودی خۆی یەکلا کردەوە. 

بەو بردنەوەیەش یانەی نەورۆز سێ خاڵی گرنگی بەدستهێنا کە لە هەمان کاتدا سێ خاڵی نزیکتر بوونەوە بوو لە گەرمە و جیاوازی خاڵەکانیشی لەگەڵ یانەکەی پێشەنگدا کەمکردەوە بۆ تەنها خاڵێک. 


PM:01:37:22/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری