‌میرخاس باسی پەیوەندەی خۆی و یونس مەحمود دەکات.

وێستگە سپۆرت-

میرخاس دۆسکی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە خراپی پەیوەندیان لەگەڵ یونس مەحمود هەیە ڕەتدەکاتەوە.

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق پێش گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا و لە دوای یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر ئیسپانیا سەرجەم یاریزانەکان یونس مەحمودیان بینی و تەوقەیان لەگەڵ کرد، ئەوەی لە دیمەنەکاندا بە دیار کەوت میرخاس دۆسکی بە خێرای تێدەپەڕێت و تەوقە لەگەڵ یونس مەحمود سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیدا ناکات، ئەو دیمەنە کاردانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە و دەنگۆی زۆر دروستکرا. 

میرخاس دۆسکی خۆی سەبارەت بە دیمەنەکە وتی،”من چۆن دەبێت کارێکی وا بکەم کە باس دەکرێت، من یونس مەحمود وەک برای گەورەی خۆم تەماشا دەکەم وە سەرجەم ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە”. 

میرخاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە”من هەستم بە نا ئاسودەییەک دەکرد لە ناوسکم دا و ئەو کاتەی کە گەیشتینە ئوتێلەکە ویستم بە خیرای خۆم بگەیەنمە ژوورەکەم و پەیوەندی بە پزیشکانی هەڵبژاردەکەوە بکەم نەوەک بە ئەنقەست ویستبێتم تەوقە لەگەڵ یونس مەحموددا نەکەم”. 

یاریزانەکە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد” من یونس مەحمودم خۆشدەوێت و پەیوەندییەکانمان زۆر ئاساین، تەنانەت دەواتر ئەو لە هۆتێلەکە هاتە لام و لە تەندروستیمی پرسی، ئیتر من تێناگەم ئەو دەنگۆیانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن ".


AM:09:42:08/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌