نەورۆز دێربی براکانی لە هەولێری بردەوە و سێ خاڵی یارییەکەی لێ وەرگرت.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز توانی لە هەولێر بباتەوە و گورزێکی کوشندە لە یانەکەی قەڵا و منارە بدات.
شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 35ی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری تایبەت بە خۆی میوانداری یانەی نەورۆزی کرد.
هەر لە سەرەتاکانەوە یارییەکە بە گەرم و گوڕییەکی زۆرەوە دەستی پێکرد و هەردوولا هەوڵی گۆڵ تۆمارکردنیان دەدا، بەڵام ناسنامەی ئەو تایمە یەکسان بوون بوو بە بێ گۆڵ.
لە تایمی دووەمدا وەلی کەریمی ڕاهێنەری نەورۆز مۆرکی خۆی لە یارییەکە دا و کوڕانی نەورۆز باشتر دەرکەوتن و لە خولەکی 66 دا توانیان گۆڵێک تۆمار بکەن، هەرچی یانەی هەولێر بە پشت بەستن بە یاریگا و هاندەر دەیویست ڕێگربێت لەوەی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی بێت، بەڵام سەرەنجام نەیانتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکەن و سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە سوودی نەورۆز کۆتایی هات و سێ خاڵی گرنگی لە دەست هەولێر دەرهێنا.
بەو بردنەوەیەش یانەی نەورۆز خاوەنی 50 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە و یانەی هەولێریش 70 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمدایە و لەدەستدانی ئەو سێ خاڵە گورزێکی کوشندە لە یانەی هەولێر دا لەبەر ئەوەی یانەکەی قەڵا و منارە شەڕی گەیشتن بە یەکێک لە پاڵەوانییەتییە گەورەکان دەکات لەسەر ئاستی ئاسیا.
AM:11:08:17/05/2026
ئهم بابهته 52
جار خوێنراوهتهوه