نەورۆز و زاخۆ بردیانەوە و دهۆکیش یەکسان بوو.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ توانی لە نەفتی میسان بباتەوە و یانەی نەورۆزیش لە گەرمەی بردەوە و دهۆکیش بە دوو گۆڵ لەگەڵ زەورا یەکسان بوو.
شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 32 ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا چەند یارییەک ئەنجامدران.
لە یەکێک لە یارییەکاندا یانەیت زاخۆ لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی نەفتی میسانی کرد، زاخۆ توانی بە سوود وەرگرتن لە یاریگا و هاندەرانی بە ئەنجامێکی باش و بە 3-1 یارییەکە لە نەفتی میسان بباتەوە و سێ خاڵی دیکە بخاتە سەر ژمارەی خاڵەکانی.
لە یارییەکی تردا یانەی نەورۆز بووە میوانی یانەی گەرمە. یارییەکە بەهێزییەکی زۆری بە خۆیەوە بینی و هەردوولا هەوڵێکی زۆری گۆڵ تۆمارکردنیان دا بەڵام هیچ لایەکیان سەرکەوتوو نەبوون تا کاتی زیادکراوەکانی تایمی دووەم کە ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی نەورۆز هەژمار کرد و یانەی نەورۆز گۆڵی بردنەوەی پێ تۆمار کرد، کوڕانی وەلی کەریم بەردەوامن لە ئەنجامە باشەکانیان و بە سێ خاڵی یارییەکەوە گەڕانەوە سلێمانی.
لە یەکێکی دیکە لە یارییەکاندا، یانەی دهۆک بووە میوانی یانەی زەوڕا، بەڵام دوای یارییەکی بەهێز نەیانتوانی لە زەوڕا ببنەوە و بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان یەکسان بوون و دهۆک خاڵەکانی لەگەڵ زەوڕادا بەشکرد.
بەو ئەنجامانە لە ئێستادا یانەی زاخۆ خاوەنی 51 خاڵە و لە پلەی حەوتەمدایە و نەورۆزیش بە 47 خاڵ لە نۆیەمدایە و یانەی دهۆکیش 42 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە.
AM:11:19:02/05/2026
ئهم بابهته 32
جار خوێنراوهتهوه