‌نەورۆز یاری هەیە و وەلی کەریمی ڕاهێنەریش باسی یارییەکەیان دەکات.

وێستگە سپۆرت-

لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نەورۆز ڕووبەڕووی قوە جەوییە دەبێتەوە و وەلی کەریمی ڕاهێنەریش دەڵێت دەمانەوێت وا بکەین قوە جەوییە نازناوەکە لەدەستبدات.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە یارییەکانیت هەفتەی 31 ێ خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی نەورۆز لە یاریگای تایبەت بە خۆی میوانداری یانەی قوە جەوییەی بەغداد بکات. 

بەر لە یارییەکە وەلی کەریمی ڕاهێنەری یانەی نەورۆز وتی، "هەموو یانەیەک دەیەوێت بەرامبەر یانەیەکی وەکو قووە جەوییە بردنەوە تۆمار بکات، هەرچەندە لەم وەرزەدا لە هیچ یارییەکدا نە دۆڕاون، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لە ناو یاریگای خۆماندا یەکەم شکست توشی ئەو یانەیە بکەین". 

وەلی کەریم ئاماژەی بەوە کرد،" دەمانەوێت بە بردنەوە لە قوە جەوییە مێژوو بنوسینەوە وە ببینە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو یانەیە نازناوی ئەم وەرزە بەدەستنەهێنێت".

ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر تەڵەبە لە یاری ڕابردوو پێشکەشمان کرد دەمانەوێت بەو شێوەیە بەرامبەر جەوییەش دەر بکەوین و ئاستێکی بەرز و سێ خاڵی یارییەکە پێشکەشی ئەو هاندەرە خۆشەویستە بکەین کە دێنە یاریگا بۆ بینی یارییەکە". 

جێی ئاماژەیە بەر لەو یارییە دواین چوار ڕووبەڕوو بونەوەی هەردوو یانەکە قووە جەوییە توانیویەتی سێ بردنەوە بەدەستبهێنێت و یانەی نەورۆزیش بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە کە ئەویش بەر لە دوو ساڵبووە لە ناو یاریگای خۆیدا، هەر بۆیە یانەی نەورۆز دەیانەوێت هاوشێوەی ئەو یارییە بە پشت بەستن بە هاندەرانیان سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنن. 

لە ئێستادا قوە جەوییە خاوەنی 70 خاڵە و لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەدایە و نەورۆزیش 43 خاڵی هەیە و لە پلەی نۆیەمدایە. 




AM:11:03:27/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری