شەهید ڕامین، هاندەرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەی مان یونایتد بوو.
وێستگە سپۆرت-
شەهید ڕامین عادل دامەزرێنەری دەستەی هاندەرانی هۆڵەندا بوو لە کوردستان.
بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە لە دوو هێرشی جیاوازدا، دوو بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شەش موشەک بۆردومان کراون و بە هۆیەوە چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون و چەندانی تریش بریندار بوون، کە یەکێک لەو شەهیدانە شەهید ڕامین عادل بوو، کە لە ئەرکدا بوو شەهیدا کرا.
شەهید ڕامین لە پاڵ ئەرکە پیرۆزەکەی خۆیدا کە کاری پێشمەرگایەتی بووە، بینەرێکی باش و هەواداری تۆپی پێ بووە و هاندەرێکی سەرسەختی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەی مانچستەر یونایتد بووە، وە لە هەمانکاتدا دامەزرێنەری دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بووە لە کوردستان کە لە ساڵی 2017 دا پەیجێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆ کردووەتەوە.
دەستەی هاندەرانی هۆڵەنداش لە پاش شەهید بوونی شەهید ڕامین بەم شێوەیە غەمباری خۆیان بۆ دەربڕی:
ئەمڕۆ بە دڵێکی گران و پڕ لە حەسرەتەوە پێتان ڕادەگەیەنین یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەدمینی پەیجەکەمان لەدەستدا.
-(إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ، اللَّهُمَّ ارْحَمْهُ وَاغْفِرْ لَهُ)
ئێمە تەنها ئەدمینێکی ئەم پەیجەمان لەدەست نەدا، بەڵکو برایەک، هاندەرێکی ڕاستەقینە و ڕۆحێکی ئازامان لەدەست چوو. داواکارین لە پەروەدگار لێت خۆشبێ و بەر ڕەحمەتی خۆیت بخا.
تۆ یەکێک بوویت لە ئێمە و هەمیشە وەک یەکێک لە ئێمەش دەمێنیتەوە.
- یادت لە هەموو یارییەک بە زیندوویی دەمێنێتەوە لامان.
|
AM:10:07:25/03/2026
ئهم بابهته 52
جار خوێنراوهتهوه