‌بەهۆی کەزێی کچێکەوە، ئەگەری هەیە ئامەد سپۆرت سزا بدرێت.

وێستگە سپۆرت-

فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەی ئامەد سپۆرت دەکات، لە پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کجێک لە ناو یاریگای یانەکەدا کە پرچی کەزی دەکات. 

لیژنەی ڕێکارەکان، لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکی، لە ڕاگەیاندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەی جدی لەگەڵ یانەی ئامەد سپۆرت و سەرۆکی یانەکەدا دەکەین لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کچێک لە ناو یاریگای یانەکەدا کە پرچی کەزی دەکات، لە پەڕەی فەرمی خۆیان، لە بەرواری 22ی ئەم مانگەدا واتا پێش هەفتەیەک. 

لیژنەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئەم ڤیدیۆیە زیانی گەیاندووە بە شکۆی تۆپی پێی وڵاتەکە و پڕوپاگەندەیان بۆ ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز کردووە، و بە پێی ماددەی 42 ی پەیڕەوی فیدراسیۆنەکەیان لیژنەکە سەرۆکی یانەکە و ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەدا هەبووە بانگهێشتی لای خۆیانی دەکەن و لێکۆڵینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت. 

ناهیت ئەرەن سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆرتیش ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەوە بە هیچ جۆرێک پڕوپاگەندە و شتی لەو جۆرە نەبووە و تەنها وەک هەڵوێستێک بووە بەرامبەر بڕینی کەزێی کچە کوردێک، هەر بۆیە ئێمە تانە لە بڕیاری لێکۆڵینەوەی فیدراسیۆنەکە دەدەین. 







AM:11:38:29/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌