ئەمڕۆ عێراق یەکەم یاری لە جامی عەرەب ئەنجام دەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یاری هەیە
وێستگە سپۆرت-
ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:30 خولەک هەڵبژاردی عێراق لە یەکەم یاری لە قۆناغی یەکەمی گروپی چوارەمی جامی عەرەبی لە یاریگای 974 لە دەوحە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی بەحرەین دەبێتەوە.
گراهەم ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ڕایگەیاند لە کۆنگرەی پێش یاریەکەدا: پاڵەوانێتی جامی عەرەب هەلێکی زۆر باشە بۆ سەیرکردنی تواناکانی یاریزانەکانمان وئێمە لێرەین بۆ ئەوەی خزمەتی عێراق بکەین.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە وتیشی: من بەرپرسیارێتی هەموو شتێک هەڵدەگرم ئيمە کار دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان، بەڵام شێوازی یاریکردن و متمانەی یاریزانەکانیش گرنگە، ئامانجی ئيمە بردنەوەیە و دڵخۆشم کە هاندەرانمان لەگەڵە، کە هەمیشە کاریگەری باشیان لەسەر ئەنجامەکانمان هەیە.
ئارنۆڵد دەربارەی یاریەکەشیان بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین وتی: لە پێشتردا چەند یارییەکم بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کەنداو ئەنجام داوە و زۆر بە پەرۆشم بۆ بینینی ئاستی یاریزانەکانم، وە زۆر یاریزانمان هەیە کە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لەگەڵمان بوون بەڵام دەرفەتی یاریکردنیان نەبووە، لەم پاڵەوانیەتیەدا دەرفەتی زیاتریان پێدەدرێت و ئەبێت تەواوی تواناکانیان بە گەڕ بخەن.
سەبارەت بەیاریەکەی ئەمشەویش هەردوو هەڵبژاردە بە هیوای بردنەوەوە دەچنە یاریگا لە پێناو دەستپێکێکی باش و پلەکانی سەرەوەی کۆمەڵەکە چونکە کۆمەڵەکەیان ئاسان نییە و پێک هاتووە لە عێراق و بەحرەین و جەزائیری خاوەنی نازناوەکە و سودان .
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالیشدا لە قۆناغی پاشکۆی مۆندیالە و لە مانگی سێ ڕووبەڕووی براوەی نێوان بۆلیڤیا و سورینام دەبێتەوە بۆ بەشداریکردن جامی جیهانی 2026
AM:11:57:03/12/2025
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه