ئێمه‌و یاسای چاکسازی
ژینۆ محەمەد
لێره‌و له‌وێ زۆر قسه له‌سه‌ر پرۆژه یاسای چاکسازیکرا، هه‌ندێک ره‌خنه‌ی جدییان هه‌بوو، هه‌ندێک به‌ته‌نزه‌وه باسیان ده‌کرد، زۆرینه‌ش توڕه‌و نیگه‌ران بون له ته‌واوی پرۆسه‌که.
پرۆسه‌که؛ مه‌به‌ست لێی دانیشتنی چه‌ند ڕۆژی په‌رله‌مان بوو که تایبه‌ت کرا به گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پرۆژه یاسایی چاکسازی و دواجار به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌نێو په‌رله‌ماندا پرۆژه‌که په‌سه‌ندکرا.
هه‌ربۆیه ئه‌مه‌وێ باس له ڕای هاوڵاتیان بکه‌م به‌رامبه‌ر پرۆژه یاساکه.
1- که‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زان زیاتر له‌ڕوی یاساییه‌وه سه‌رج و تێبینیان هه‌یه‌و ئاماژه‌یان به‌لاوازی خاڵی ناو پرۆژه یاساکه‌داوه.
2-به‌شێک له هاوڵاتیان که زیاتر به‌شێوه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزو ته‌نزه‌وه ئه‌ڕواننه ته‌واوی پڕۆژه یاسه‌که.
3-ئه‌وانه‌ی سه‌رله‌به‌ری یاساکه ڕه‌تئه‌که‌نه‌وه زۆرینه‌ن، به‌زمانی ساده‌ی خۆیان ڕایان وایه جارێکی‌تر خه‌ڵکی هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌ت بونه‌وه قوربانی و له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایی چاکسازییه له په‌رله‌مان، توڕه‌یی و نیگه‌رانیان زیادی کرد.
راو سه‌رنجه‌کان ئه‌گه‌رچی جیاوازن به‌ڵام له‌جێی خۆیدایه بۆ؟
چونکه ڕه‌خنه‌گرانی شاره‌زاو یاسایی هه‌رچه‌نده که‌مینه‌ن له‌م بابه‌ته‌دا، به‌ڵام سه‌رنجه‌کانیان ئه‌چێته خزمه‌تی یاساکه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان، کۆمه‌ڵه‌ی دوه‌م زۆربۆی گرنگ نییه یاسایی چاکسازی هه‌بێ یان نا، چونکه واهه‌ست ده‌کات که ئه‌و موچه‌خۆر نه‌بوو، سودی بۆی نییه، له‌کاتێکدا به‌پێچه‌وانه‌وه یاسایی چاکسازی ئه‌گه‌ر به‌فعلی جێبه‌جێ بکرێت به‌شێکی ئه‌و ناعه‌داله‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئێستا هه‌یه باڵانسه‌که‌ی ڕێک ئه‌کرێته‌وه.
زۆرینه‌ی هاوڵاتیان که‌لێره‌دا به کۆمه‌ڵه‌ی سێهه‌م ناودێنم، خه‌ڵکانی هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ن، ئه‌وانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م هه‌رێمه‌دا نائومێدی کردون، ئه‌م جۆره له هاوڵاتی که زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا پێکدێنن، هیچ ههنگاوێکی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌ڕاست نازانن له‌سه‌ر بنه‌مای ڕابردویان و هه‌موی ڕه‌تئه‌که‌نه‌وه، چونکه هیچ به‌ڵێن و پرۆژه‌یه‌ک و بڕیارێک ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وانی نه‌گۆڕی، لاوازی و نه‌زۆکی ده‌سه‌ڵات بۆ چاکسازی له زهنی ئه‌واندا چه‌سپیوه.
به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌وه بزانین، که‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کاتێک رازیه پرۆژه یاسای چاکسازی ببرێته په‌رمان و ده‌نگی له‌سه‌ربدرێت بۆئه‌وه‌ی ببيته ياسا، واته داننان به‌ڕابردو به‌هه‌موو گهندهڵیهکانیهوه، ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌که‌مه و ده‌ستپێکی پرۆسه‌که‌یه که داوای زۆرینه‌مانه، بالێگهڕێین هه‌نگاوبنێنن، ناکرێ له‌یه‌که‌م هه‌نگاودا قه‌ره‌بوی 29 ساڵی حکومڕانی کوردی بکرێته‌وه، بۆیه ئه‌م نیه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه کارێکی خراپ نییه به‌هه‌موو کهموکورییهکانیهوه، ئه‌کرێ ئێمه زیاتر چاودێر‌و ڕه‌خنه‌گرێکی باشبین، بۆ هه‌ر کار‌و بڕیارێک، که په‌رله‌مان و حکومه‌ت ده‌یکات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌نگاو به‌هه‌نگاو کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست بونیادبنێیین بۆ خۆمان و نه‌وه‌کانمان.
PM:12:11:18/01/2020
ئه‌م بابه‌ته 7764
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی