کۆرۆنا ھەیە؟

‌مەریوان عەبدوڵا

گیان لەدەستدانی حەوت کەس لە رۆژێکداو توشبونی زیاتر لە سەد کەسی تر لە رۆژێکی تردا ئاماژەی پەرەسەندنێکی خێراو مەترسیداری کۆرۆنایە لە ھەرێمی کوردستان و ناکرێت وەک زەنگێکی مەترسیدار سەیر نەکرێت ، ئەمە پێویستی بە ھەڵوێستە لەسەرکردنەو لانی کەم پێویست دەکات چاوی خۆمان لە ئاست ئەو مەترسیە دانەخەین و بێخەم نەبین لە ئاستیدا، ناکرێت ئەوەندە ھۆشیاریمان نەبێت ئەمە بەڵایەکی جیھانییەو بە ئامانج گرتنی ژیانی ھەموو مرۆڤایەتییە و کوردستانیش بەدەرنیە لەو ھەڕەشە گەورەیە،

ئەوەی ئێستا روودەدات دەتوانین بڵێین تەوژمێکی نوێی کۆرۆنایە کە رووی لەھەرێمی کوردستان کردووە، بەپێی قسەی پزیشکەکان ئەم تەوژمەی کۆرۆنا توندترو مەترسی دار ترە ، بەھۆی نادیاری سەرچاوەکەی و دەستەوەستانی  تیمە تەندروستیەکان لەماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تووش بوون و بەشێکیان گیانیان لەدەست داوە رەنگە  لە چەند رۆژی داھاتووشدا ژمارەی تووشبوان چەند ھێندە زیاد بکات،

لەکاتێکدا کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵک بەڵام ئەو دەنگ و ھەوڵانەش کەم نین کە بەمەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو یاری بە ژیانی خەڵکەوە دەکەن و دەیانەوێت لە مەترسی کۆرۆنا کەم بکەنەوەو خەڵک لە پابەندبوون و خۆپارێزی سارد بکەنەوە تەنانەت ئەو گومانە لای خەڵک دروست بکەن کە کۆرۆنا لە کوردستان بونی نیە! وەک ھەموو سێکتەرەکانی تر لەم مەملەکەتەی خۆمان کۆرۆنا بەسیاسی دەکرێت و ھەندێک لایەن دەیانەوێت سواری ئەو شەپۆلە ببن و ناڕەزایەتی خەڵک بۆ مەرامی سیاسی بەکار بھێنن، لەم گەمەیەدا خەڵکی ئاسایی دەبێتە قوربانی، قوربانیەک کە باجەکەی گیانی خۆیەتی ، بۆیە ناکرێت لە ئاست ئەم مەترسییە گەورەیە بێدەنگ بین پێویستە خەڵک لەوە تێبگەن کۆرۆنا مەترسیەکی راستەقینەیەو بونی ھەیە ھەر باوەڕنەبوون و پابەند نەبونێک دوور نیە باجەکەی  ژیانی خۆت و کەسە ئازیزەکانت بێت.

لەنێو ئەو گێژاوەی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان دروستی کردووە جێگەی سەر سوڕمانە کەسانێک ھەبن لە ھەرێمی کوردستان بۆ مەبەست و ئامانجێکی سیاسی و دیاریکراو ئەوەندە ئاست نزم و بێ ھەست بن یاری بە ژیانی خەڵکەوە بکەن و  بەڕێیان بکەن بەرەو مەرگ و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی،  ئێمە لەوە تێدەگەین نەبونی ھۆشیاری تاک کێشە گەورەکەیە و پێویستە خەڵک  ئەوەندە ھۆشیاری و تێگەیشتنێکیان ھەبێت کۆرۆنا مەترسیەکی جیھانیەو ھیچ سنور و بەربەست و کەسێک نا ناسێت و ئاشنایەتی لەگەڵ ھیچ نەتەوەیەک نیە، لەم ئافاتەدا تەنیا ئەوانە سەردەکەون و رزگاریان دەبێت کە بەتەنگ تەندروستی خۆیانەوەن.

لەم قۆناغەدا ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە تا تووش نەبوون و نەبوون بەیەکێک لەوکەسانەی کە کۆرۆنا مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە خۆتان بپارێزن و گوێ بەو دەنگۆیانە مەدەن کە دەیانەوێت ساردتان بکەنەوە لە خۆپارێزی ، ئێمە لە نزیکەوە ئاگادارین و دەزانین چی دەگوزەرێت و مەترسییەکە لە چ ئاستێکدایە ، دڵنیابن ئەگەر خۆمان نەپارێزین و گوێ بە مەترسیەکانی کۆرۆنا نەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا کارەساتێکی گەورە روودەدات کە نە حکومەت و نە ھیچ رێکخراوێکی جیھانی ناتوانن بەر بەوکارەساتە بگرن، توانای حکومەتی ھەرێم و ناوەندە تەندروستیەکانمان سنوردارەو دۆخمان لەو وڵاتانە باشتر نابێت کە کۆرۆنا ڤایرۆس کاولی کردون و دەرفەتی ژیانی بۆ نەھێشتوونەتەوە.

ھەرچەندە مەترسیەکە سات بەسات لە زیادبوندایە بەڵام ئێستاش دەرفەت ماوە و دەکرێت بەر بەو کارەساتە بگرین کە نزیکە رووبدات، بۆ ئەوەی خۆمان و کەسوکارمان پارێزراو بین ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە بیکەین تاک پارێزی و دوورکەوتنەوەیە لە بەریەککەوتن و شوێنی قەرەباڵغ، بۆ کارێکی زۆر گرنگ نەبێت نەچینە بازاڕو شوێنە گشتیەکان و ئەگەر کرا گواستنەوەی گشتی بەکار نەھێنین و چەند  پێمان دەکرێت لەماڵ بمێنینەوە ، ئەگەر ئەم رێکارانە بگرینە بەر تا رادەیەکی زۆر پارێزراو دەبین بەڵام ئەگەر پابەند نەبین لە پڕ کۆرۆنا دەبێتە دوژمنێکی  قین لەدڵ بۆ بون و مانەوەمان.

گرنگە لەوە تێبگەین کۆرۆنا بەڵایەکی جیھانییە و بەرۆکی زۆربەی دەوڵەتانی دونیای گرتووە، بەڵام بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ژێرخانی ئابووری و رۆشنبیری تاک تێیدا لاوازە و لە ئاستێکی گەشەسەندودا نیە بەڵایەکی گەورەتر و مەترسی دار ترە، بۆ ئەوان کۆرۆنا زیاتر لە ھەڕەشەیەکە، بێگومان بۆ ھەرێمی کوردستان مەترسی کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی گەورەتر و دوژمنکارانەیە واپێویست دەکات ھێندەی مەترسیەکە لەسەر ئاستی حکومەت و تاک خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و بەرەنگاری ببینەوە، ئێستا زانیتان کۆرۆنا لە کوردستان ھەیە کەواتە ئازابەو خۆت و دەوروبەرەکەت لەم بەڵایە رزگار بکەو مەبە بەیەکێک لە توشبوانی کۆرۆنا.


PM:02:01:04/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 3388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی