ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان لە كوێی قەیرانەكاندایە ؟

‌بەهێز حوسێن

كە پرۆسەی ریفراندۆم دەستیپێكرد هەموو سەركردە و كەسایەتییە بەرپرسەكان  سنگیان دەردەپەڕاند و هەر یەكێكیان خۆی بە گاندی نەدەگۆڕیەوە و دەیویت : من رابەری سەربەخۆیم !، كە ئاكامەكەی خراپ بەسەر كوردا شكایەوە هەموویان خۆیان لێ‌ بێبەریی كرد ، تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  توانی پاش نووشستی ریفراندۆم ئازایانە سەركردایەتی خۆی نوێ بكاتەوە و ئەوانەی لە هەڵوێست و سیاسەتی پێشوو بەرپرس بوون كەناریان بخات ، هیچ حیزبێكی تر ئەمەی نەكرد و زاتی رەخنەگرتن و خۆنوێكردنەوەیان نەبوو .

 ئەمریكاش فشاری كرد و مەسعوود بارزانی كەنارخست ، ئەگینا كام حیزبی ئیسلامی و كۆمۆنیست و نەتەوەیی لە هەرێم بەرپرس و سەركردایەتییەكی خۆی سزا دا؟  كادیری ناوەند و بنكەی كام حیزب توانی بەسەركردایەتییەكەی بڵێت: ستۆپ ئیتر لەمە زیاتر چارەنووسی ئەم گەلە مەخەنە مەترسییەوە و لێرە بەدواوە مافی پێشڕەوایەتیكردنتان نامێنێت ؟

ئەمڕۆش كە كوردستان قەیرانگەلێكی بۆ هاتۆتە پێش و زۆربەیان لێكەوتەی خراپی ریفراندۆمن  ، حەقە هەمووی زەق زەق لە یەكێتی نەڕوانێت كە بە تەنها بڕیار لە راستكردنەوەی بارەكە بدات و دواتر ئەگەر لەبەرژەوەندییان بوو دوای بكەون و خراپیش بوو نەفرەتبارانی بكەن !
كەس نەڵێت تەنها یەكێتی و پارتی و لەم چەندساڵەشدا گۆڕان لەم پێشهاتانە بەرپرسن ، بەڵكو هەموو هێز و لایەنەكان بەرپرسن كە شەرعییەتیان بە سیستمی حوكمڕانی و هەڵوێستی هەڵە و سیاسیی نەخوێنەوار دەدا و دوای دەكەوتن !
بەرپرسن لە راستكردنەوەی ئەم دۆخە و نابێت خۆیان دوور بگرن لەو رووداوانەی روودەدەن.

 ئەوە لە غیابی هەموو ئەو حیزب و سیاسیانەدایە كە لەم كاتی قەیرانەدا لەهیچ قوژبنێكەوە نابیرنرێن ، كەسایەتییەكی وەك شێخ نەهرۆ كەسنەزانی دێت و جاڕی مەرگی چارەسەریی سیاسی و فەشەلی حیزبەكان لێدەدات و دەڵێت ئیتر ئێمە وەك ناوەندی ئاینیی ڕۆڵی چارەسەریی كێشە و مووچەی خەڵكی كوردستان دەدەین !

فشارەكان لەسەر پارتی بایی ئەوەنین دەستبەرداریی سیاسەتی پاشكۆیەتی ئابووریی توركیا ببێت ، كەواتە دۆخەكە وەك ئێستای بەردەوام دەبێت ، ئۆپۆزسیۆنیش چاوەڕوانی یەكێتییە گۆمەكە بشڵەقێنێت و هەندێكیان هانیشی ئەدەن دوو ئیدارەیی رابگەیەنێت .

باشە ئەم حیزبە ئۆپۆزسیۆنانە لە دۆخێكی وادا كاریان چییە ئەگەر خۆیان كڕ بكەن و لە دەرفەتێك بگەڕێن لە ئەنجامی هەڵەیەكی گەورەی تری پارتی یان دەستپێشخەرییەكی یەكێتی بێنەوە مەیدان ؟

ئێستا و لەم كاتە هەستیارەدا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن چییە ؟ لە كوێی هاوكێشەكاندان ؟ بۆ كە یەكێتی پڕۆژەی لامەركەزیی ئیداری و دارایی هێنایە پێش پشتیوانی جدییان نەكرد و ئێستا بۆ لەگەڵ دوو ئیدارەییدان ؟

ئۆپۆزسیۆن لەبەردەم پرسیاری گەورەدایە و تاسەر خۆدزینەوەیان فریایان ناكەوێت ، ئەوەتا كە خۆپیشاندان دەكرێت بارەگای هەموو حیزبەكان بەیەكەوە دەسووتێنرێن و خەڵك هەموویان بە بەرپرسی ئەم دۆخە دەزانێت ، بۆیە باشترە كڕو كپ نەبن و ڕاستگۆیانە هەڵوێست وەربگرن و سزای ئەو سەركردایەتییەشیان بدەن كە ئاوا ئۆپۆزسیۆنیان كردووە بە نانخۆری سفرە دڕ. ..


PM:02:49:04/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی