با فریای خۆمان بکەوین

‌د. سه‌عید عه‌لی محمد

مرۆڤە عاقڵەکان دەڵێن: مانەوە بۆ کاتێکی زۆر لەبەردەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەك مانەوە وایە لەبەردەم كەناڵە تەلەفزیۆنییەكاندا، هەردووكیشیان دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ بەرەو گێلی و گەمژەیی و كەم تێگەیشتن و  پوکانەوەو سادە و ساویلكەیی بڕوات!

دەروونناسەكان و شارەزایانی بواری كۆمەڵناسی بڕوایان وایە مانەوەی بەردەوام و لەڕادەبەدەر لەبەردەم شاشەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا وەك ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێ وەك مانەوەی بەردەوام وایە لە قاوەخانەكان و چایخانەكان و یانەكان و دانیشتنە كۆمەڵایەتیە گشتیەكان ، گومانیشی تێدا نیە ئەوەی كە لە سروشت و كەش و هەوای ئەو شوێنانەدا زاڵە دەنگە دەنگ و هاوار و هەرا و شپرزی و مشتومڕو گفتوگۆی بێ ناوەڕۆك و بێ سوودە!

بەڵكو دەتوانین بڵێین: مۆبایلەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ( ئەگەر بەشێوەیەکی دروست و تەندروست وسوودبەخش بەکار نەهێنرێن ) دەكرێ وەك شوێنگەو پەناگەی مرۆڤە بەتاڵ و بێ ئیش و بێ پرۆژەو  بێ بەرنامە و بێ پلان و بێ ئامانجەكانەوە بچوێنرێ، ئەوانەی كە لە ژیانی واقیعی و كردەیی دا شکستیان هێناوەو هیچیان پێناكرێ و، خاوەن هیچ كاریگەریی و گۆڕانكاریی و بەرهەم و و دەستكەوتێكیش نین، بۆیە دەبینین هیچ پەناگەیەكی تریان نیە تەنها مانەوەی بەردەوام نەبێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ ئەوەی ئاماژە بە خۆیان بدەن و، كەسانی تر بەخۆیانەوە و، بە هەراو مشتومڕو خۆدەرخستنە ڕواڵەتییە بێ كەڵكەكانیانەوە سەرقاڵ بكەن.

لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین گەشەی عەقڵ و فیكرو مەعریفەش لە ڕاستیدا پەیوەستە بە هاودەمی و هاوڕێیەتی و نزیكایەتی كەسە ژیرو زیرەكەكانەوە، هەروەها پەیوەستە بەگوێ گرتن لە كەسانی پسپۆڕو تایبەتمەندو وریا، هەروەها زۆر خوێندنەوە لەبوارە زانستییە جیاوازەكاندا، تەنانەت ئەگەر بەرنامە دۆكیۆمێنتارییە مەعریفییەكانیش بێت! ئا ئەمانە هەموویان پێكەوە ئاسۆی عەقڵ و هۆش و دەماخ و هیزرو دەروونی ئێمە فراوانتر دەكەن.

دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێ دەردو ئافەتی (مانەوە و سڕبوون و ئالوودە بوون) بە مۆبایلەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەنانەت مرۆڤە زیرەك و نمونەییەكانیش لێی ڕزگار نابن! من ڕۆژانە قوتابی و كەسانی ڕۆشنبیرو کەسایەتیە سیاسی و ئەكادیمییەكانیش ئەبینم كە مۆبایلەكان و تەماشاكردنی شاشەكان زۆربەی هەرە زۆری كاتەكانی شەوو ڕۆژیانی داگیركردووە، ئینجا بێ ئەوەی هەست بەخۆیان بكەن توشی پاشەكشەی زانستی و، سست بوونی عەقڵی و، شپرزەیی ئەتەكێتی ژیانی ڕۆژانە و، لاوازیی و تێکچوونی پەیوەندی و، خراپی مامەڵە بوون تەنانەت لەگەڵ دەوروبەرو كەسە نزیكەكانی خۆشیاندا!
مۆبایل تاوانباری سەرەکییە:

مۆبایل هێزێکە گوێ نادرێتە تواناو کاریگەریەکانی ، ئەو بەئەندازەیەک کاریگەرە کە هەموومان دەزانین:
تەلەفۆنی ئەرزی ئاسایی کوشت!
تەلەفزیۆنی کوشت!
کۆمپیوتەری کوشت!
کاتژمێری ئاسایی کوشت!
کامێرای کوشت!
ڕادیۆی کوشت!
گڵۆپ و ڕووناک کەرەوەی کوشت!
گۆڤارەکانی کوشت!
کتێبەکانی کوشت!
ڕۆژمێری نوسینگەکانی کوشت!!!!!
زۆر لەوە خراپتر :
ژن و مێردەکانی کوشت!
زۆرێک لە خێزانەکانی کوشت!
خۆشەویستی و تەبایی نێو خێزانی کوشت!
قوتابیانی کوشت !
خوێندنەوەی کوشت!
کۆڕو دانیشتنەکانی ئێمەی کوشت و تام و چێژی نەهێڵان!!!!!!!
جگە لەمانە:
مۆبایل چاومان دەکوژێ!
بڕبڕەی پشتمان دەکوژێ!
ملمان دەکوژێ!
عەقڵمان دەکوژێ!
ڕۆشنبیرییمان دەگۆڕێ!
ئەو خەریکە نەوەی داهاتوومان دەکوژێ!!!!!
ئەگەر ئێمە چاودێری خۆمان نەکەین ئەوا :
ڕۆحەکانمان دەکوژێ!
دڵەکانمان ڕەق دەکات!
نەوەی داهاتووشمان ناچار بە پەشیمانی دەکات کاتێک پەشیمانی سوودی نیە


PM:03:10:27/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی